بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەشاری مەککە
 سەرەتاى هاتنى وەحى بۆ (محمد) و هەڵبژێررانى بەکۆتا پێغەمبەرى خوا ﷺ
19/08/2019
بینین: 1166
پێغەمبەر ﷺ پێش تەمەنى (٤٠) ساڵی و هاتنى وەحى بۆی ، چەندان جار بۆ ماوەى چەند شەوو ڕۆژێک بۆ عیبادەت و بیر کردنەوەو پەرستنى خوا ، لە (مەککەوە ) دەچوو بۆ ئەشکەوتى (حراء) لە (جبل النور) و ، بە تەنیا دەمایەوەو بیرى دەکردەوەو یادى خواى دەکرد .
  خواى پەروەردگار ویستوویەتى ئەو ئینسانە ئامادە بکات بۆ هەڵگرتنى ئەمانەت و پەیامێکى بەرزو گەورە ، بۆ ئەوەى گۆڕانکارىی لە ژیانى مرۆڤایەتیدا دروست بکات وخەڵکى بەرەو پەرستنى خواو سەرفرازیی دنیاو قیامەت بانگ بکات ، تا سەرەنجام لەتەمەنى (٤٠) ساڵی (مانگیی)دا (هەندێک لە زانایانیش دەلێن : لەتەمەنى (٤١) ساڵیدا) خواى بەخشندە بە جبریل دا وەحى بۆ نارد . عائیشەى دایکى موسوڵمانان (رضی الله عنها) دەگێڕێتەوە ، کە سەرەتاى هاتنى وەحى بۆ پێغەمبەرمان ﷺ بەم شێوەیە بووە :
{ أَوَّلُ مَا بُدِئَ بِهِ رَسُولُ اللّهِ صلى الله عليه وسلم مِنَ الْوَحْيِ الرُّؤْيَا الصَّادِقَةَ فِي النَّوْمِ. فَكَانَ لاَ يَرَى رُؤْيَا إِلاَّ جَاءَتْ مِثْلَ فَلَقِ الصُّبْحِ. ثُمَّ حُبِّبَ إِلَيْهِ الْخَلاَءُ، فَكَانَ يَخْلُو بِغَارِ حِرَاءٍ يَتَحَنَّثُ فِيهِ، (وَهُوَ التَّعَبُّدُ) اللَّيَالِيَ أُولاَتِ الْعَدَدِ قَبْلَ أَنْ يَرْجِعَ إِلَى أَهْلِهِ، وَيَتَزَوَّدُ لِذلِكَ، ثُمَّ يَرْجِعُ إِلَى خَدِيجَةَ فَيَتَزَوَّدُ لِمِثْلِهَا حَتَّى فَجِئَهُ الْحَقُّ وَهُوَ فِي غَارِ حِرَاءٍ، فَجَاءَهُ الْمَلَكُ فَقَالَ: اقْرَأْ. قَالَ: "مَا أَنَا بِقَارِئٍ" قَالَ، فَأَخَذَنِي فَغَطَّنِي حَتَّى بَلَغَ مِنِّي الْجَهْدَ، ثُمَّ أَرْسَلَنِي فَقَالَ: اقْرَأْ. قَالَ قُلْتُ: مَا أَنَا بِقَارِئٍ، قَالَ فَأَخَذَنِي فَغَطَّنِي الثَّانِيَةَ حَتَّى بَلَغَ مِنِّي الْجَهْدَ ثُمَّ أَرْسَلَنِي فَقَالَ: اقْرَأْ. فَقُلْتُ: مَا أَنَا بِقَارِئٍ، فَأَخَذَنِي فَغَطَّنِي الثَّالِثَةَ حَتَّى بَلَغَ مِنِّي الْجَهْدَ. ثُمَّ أَرْسَلَنِي فَقَالَ: ﴿ اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ * خَلَقَ الإِنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ * اقْرَأْ وَرَبُّكَ الأَكْرَمُ * الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ * عَلَّمَ الإِنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ ﴾ العلق ، رواه البخاری(١).
عائیشە دەڵێ : سەرەتاى دەستپێکردنى وەحى بۆ پێغەمبەرى خوا ﷺ ئەوە بوو کەلەکاتى نووستندا خەوى باشى دەبینى ، هەر خەونێکى دەبینى وەک سپێدەى بەرەبەیان ڕاست دەهاتە دى ، دوایی حەزى دەکرد، کە گۆشەگیرو تەنها بێ ، بۆیە لە ئەشکەوتى (حراء)دا دەچووە خەڵوەوەو چەندان شەو دەمایەوەو پەرستشى بۆ خواى پەروەردگار دەکرد ، پێش ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ ماڵێ لاى خەدیجە ، توێشوو هەڵبگرێتەوەو دووبارە بچێتەوە بۆ ئەشکەوتەکە، هەتا وەحى بۆ هات لەکاتێکدا ، کەلە ئەشکەوتى (حراء)دا بوو ، فریشتە هات بۆ لاى و پێی گوت : بخوێنە ! فەرمووى : من خوێندەوار نیم، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ جبریل منى گرت و توند بە خۆیەوە گوشیمى هەتا ئازارم پێ گەیشت دوایی بەیدام، دوبارە گوتى : بخوێنە! منیش دوبارەم کردەوەو گوتم : خوێندەوار نیم، بۆ جارى دووەم بەخۆیەوە گوشیمى ، تا ئازارم پێ گەیشت ، ئینجا بەریدام ، دیسان پێی گوتم ، بخوێنە ! منیش گوتم: خوێندەوار نیم ، بۆ جارى سێیەم بەخۆیەوە گوشیمى ، ئینجا گوتى : بخوێنە بەناوى ئەو پەروەردگارەت ، کە هەموو شتێکى دروست کردووە ، ئینسانى لە خوێن پارە دروست کردووە ، بخوێنە ، کە پەروەردگارت زۆر بەخشندەیە، ئەو کەسەى بە قەڵەم خەڵکى فێر کردووە ، ئینسانى فێرى شتێک کردووە ، کە نەیدەزانى .
ئینجا لەدرێژەى قسەکەیدا دەڵێ : (فرجع بها رسول الله ﷺ یرجف فؤاده) ، واتە : پێغەمبەر ﷺ ئەو چەند ئایەتەى لەگەڵ خۆى بردنەوەو دڵیشى زۆر بە خێرایی لێی دەدا ، { فدخل على خدیجة بنت خویلد (رضي الله عنها ) فقال : زملوني زملوني ، فزملوه حتى ذهب عنه الروع ، فقال لخديجة و أخبرها الخبر ، لقد خشيت على نفسي} ، واتە : پێغەمبەر ﷺ دەچێتەوە بۆ لاى خەدیجە ، دەفەرموێ دامپۆشن دامپۆشن ، وە دایدەپۆشن تا ئەو ترسەى لێ دەڕەوێتەوە دوایی هەواڵەکە بۆ خەدیجە باس دەکات و دەفەرموێ : لە خۆم ترسام(لقد خشیت على نفسی) کەئەمە زاراوەیەکە کە عارەب لەبارەى شەیاطین و جندەوە ، بەکاریان دەهێنا ، (فقالت خدیجە : کلا والله ما یخزیك الله أبدا انّك لتصل الرحم ، وتحمل الكلّ ، وتكسب المعدوم ، وتقري الضيف ، و تعين على نوائب الحق ) .
جا با لێرەدا سەرنج بدەین و تەماشا بکەین داخۆ خەدیجە ئافرەتێکى چەند عاقڵ و زیرەک و تێگەیشتوو بووە ! ئەوەتا لێرەدا رینمایی پێغەمبەر ﷺ دەکات و دڵی خۆش دەکات و بەڵگەشى بۆ دەهێنێتەوە ، کە نەخێر شەیتانەکان دەستیان لە تۆ نەوەشاندوە! تەماشا بکەن خەدیجە ئافرىتێکى چەند شارەزاو فیطرەت پاک بووە ، بێگومان پێغەمبەریشى زۆر باش ناسیوە ، بۆیە ئەو شایەدییە گەورەیەى بۆ داوە ، کە دەڵێ : نەخێر ، وەڵڵاهى خوا قەت تۆ شەرمەزار ناکات . ئینجا خەدیجە پینج سیفەت لە پێغەمبەر ﷺ هەڵدەدات و دەیانکاتە بەڵگە لەسەر ئەوە ، کە شەیاتینەکان تواناى ئەوەیان نیە دەستى لێ بوەشێنن ، دیارە ئەو بەڵگە هێنانەوەیەى خەدیجە ئەوەشى لێ دەفامرێتەوە ، کە جنۆکەو شەیتان زەفەر بە ئینسانى ئیماندار و چاکەکار نابەن ، پێنج سیفەتەکەش بریتین لەوانە ، دەڵێ : ( إنک لتصل الرحم ) ، واتە : تۆ پەیوەندى خزمایەتى دەگەیەنى ، (وتحمل الکل) تۆ یارمەتى کەسانى لێقەوماو دەدەى ، (وتکسب المعدوم) ئەوەى ، کەخەڵک لە هیچ شوێنێک دەستى ناکەوێ ، تۆ دەیکەى بە موڵکیان ، (وتقري الضیف) میوانداریی میوانان دەکەى ، (وتعین على نوائب الحق) کەسێک ، کەبەڵاى بەسەر دێ، تۆ پشتگیرى و هاوکارى دەکەى .
عائیشە – خوالێی ڕازى بێ- لەسەر گێڕانەوەى فەرموودەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێ: { فَانْطَلَقَتْ بِهِ خَدِيجَةُ حَتَّى أَتَتْ بِهِ وَرَقَةَ بْنَ نَوْفَلِ بْنِ أَسَدِ بْنِ عَبْدِ العُزَّى ابْنَ عَمِّ خَدِيجَةَ وَكَانَ امْرَأً تَنَصَّرَ فِي الجَاهِلِيَّةِ ، وَكَانَ يَكْتُبُ الكِتَابَ العِبْرَانِيَّ ، فَيَكْتُبُ مِنَ الإِنْجِيلِ بِالعِبْرَانِيَّةِ مَا شَاءَ اللَّهُ أَنْ يَكْتُبَ ، وَكَانَ شَيْخًا كَبِيرًا قَدْ عَمِيَ } دیارە لەوەشدا ئاقڵیی و دانایی خەدیجەمان بۆ دەردەکەوێت ، بەوە واز ناهێنێ کە خۆى دڵی داوەتەوە ، بەڵکو پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ خۆى دەبات بۆلاى وەرەقەى کوڕى ئەوفەل ، کە کوڕە مامى خۆیەتى و لەسەردەمى نەفامییدا بووە بە نەصڕانیی و کابرایەکى خوێندەوار بووە و بە عیبڕیی نوسیویەتى ، لەسەر ئینجیل نووسیویەتى و بەتەمەن و کوێریش بووە . (فقالت له خدیجة یا ابن عم اسمع من ابن أخیک) ئەوەشى دیسان عاقڵیی و دانایی یە لەجیاتى ئەوەى بۆخۆى باسەکەى بۆ باس بکات ، دەڵێ : ئەى ئامۆزام گوێ بگرە ، بزانە برازایەکەت (محمد) چی دەڵێ ؟! چونکە ئەو مەسەلەیە شتێکى گەورەیەو باشتر وایە ، کەلەدەمى خودى (محمد) بیبیستێ : (فقال له ورقة یا ابن اخي ماذا ترى؟!) ، واتە : وەرەقە لێی پرسى ئەى برازام چ دەبینى ؟! (فأخبره رسول الله ﷺ خبر ما رآى ) ، واتە  : پێغەمبەر ﷺ چی بینیبوو ، چی بیستبوو بۆى گێڕایەوە ، (فقال له ورقة ) ئینجا وەرەقە  پێی گوت : (هذا الناموس(٢) الذي نزّل على الله موسى يا ليتني فيها جذعاً ، ليتني أكون حياً اذ يخرجك قومك)، واتە : ئەوە ئەو فریشتەیەیە کە خوا ناردوویەتیە خوار بۆ سەر مووسا (علیه السلام) خۆزگە لەم ڕۆژگارەدا گەنج بام ! خۆزگە زیندوو بام ئەو کاتەى کە گەلەکەت دەرت دەکەن !  (فقال رسول الله ﷺ أو مُخرجيّ هم؟!) پێغەمبەرى خوا ﷺ زۆرى پێ سەیر دەبێ و دەفەرموێ : یانى دەریشم دەکەن ؟!
(قال : نعم لم يأت رجل قط بمثل ما جئت به إلا عودي ، و إن يدركني يومك أنصرك نصراً مؤزراً)، وەرەقە دەلێ : بەڵێ دەرت  دەکەن ، چونکە هیچ پیاوێک لە پێش تۆداو ، ئەو پەیامەى کەتۆ هێناوتە هی وەک تۆى نەهێناوە ، مەگەر دژایەتى کراوە ، ئەگەر من بگەمە ئەو ڕۆژەى ، کە تۆ بانگەوازەکەى خۆتى تیا ئیعلان دەکەى و قەومەکەت دژایەتیت دەکەن ، زۆر چاک پشتگیریت لێ دەکەم .  (وەرەقە) چونکە شارەزاى کتێبە ئاسمانیەکان بووە و ، مێژووى پێغەمبەرانى زانیوە، زانیویشیەتى، کە پێغەمبەران لەلایەن زلە زلەکان و دەسەڵاتدارانەوە دژایەتیان دەکرێ ، چونکە پەیامى پێغەمبەران دژى بەرژەوەندى ناڕەواى دەسەڵاتدارانە ، هەر لەبەر ئەوەشە کە دژایەتى دەکرێن . 
دوایی عائیشە دەڵێ : (ثم لم يَنْشَبْ ورقة أن توفي وفتر الوحي)(٣) ، واتە : دوایی زۆری پێ نەچوو ، وەرەقە وەفاتى کرد (کە دیارە ئیمانى بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە) وە سروش (وەحى)یش بۆ ماوەیەکى کورت بڕا . جا لێرەدا بە پێویستى دەزانم ، کە هەڵوەستەیەکى کورت لەسەر ئەم فەرموودەیە بکەم :
یەکەم :  ئەو فەرموودەیە ئەوەى لێ وەردەگیرێت کە ئیعتیکاف و گۆشەگیرى جار جار پێویستە بۆ ئینسان بۆ ئەوەى لە خۆى وورد بێتەوەو بە خۆیدا بچێتەوە ، پێغەمبەر ﷺ لەپێش پێغەمبەرایەتیدا ئیعتیکافى کردووە ، لەپاش پێغەمبەرایەتیشدا بەهەمان شێوە، بۆ نموونە : هەموو دەشەوێکى کۆتایی ڕەمەزانان دەچووە ئیعتیکافەوە .
دووەم :  ئەوەشى لێ وەردەگیرێ ، کە خەونى ڕاست و چاک ، جۆرێکە لە وەحى ، وە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : { لم يبقى من النبوة إلاّ المبشرات ، قالوا : وما المبشرات ؟ قال الرؤيا الضالحة } رواه البخاری (٤)، واتە : لە پێغەمبەرایەتى نەماوە ، مەگەر دڵخۆشکەرەکان ، گوتیان دڵخۆشکەرەکان کێن ؟ فەرمووى : خەونى چاک و ڕاست ...، کەواتە : ئێمە جگە لە خەون ، دەلاقەیەکمان نیە بەرەو مەلەکوت و (ملأ الأعلى) ، بەڵام بێگومان ، تەنها خەونى پێغەمبەران (معصوم)ەو بەوەحى دادەنرێ و، خەونى غەیرى پێغەمبەر ان هەر بە دڵخۆشکەر دادەنرێ و ، حوکمى شەرعیشی لێ وەرناگیرێ (٥).
سێیەم :  حیکمەتى ئەو بەخۆوە گوشینەى جبریل بۆ پێغەمبەر ﷺ ئەوە بووە ، کە پێغەمبەر دڵنیا بێت لەوەى ، کە ئەوە مەخلوقێکى دیکەیە بەخۆیەوە دەگوشێت ، بۆیە سێ جاران بەخۆیەوە گوشیویەتى ، تا تەواو دڵنیا بێت  ، کە ئەوە حاڵەتێکى واهیمەیی نیە ، کەلە دەروونى خۆیدا بۆى دروست بووبێ و ، حەقیقەت و ڕاستییە .
چوارەم : ترس لێ نیشتنى پێغەمبەر ﷺ لەبەر ئەوە بووە ، کە نەیزانیوەو دڵنیا نەبووە کە دەبێ بە پێغەمبەر .
پێنجەم : وەک باسمان کرد وەڵامى خەدیجەش ئەوەى لێ وەردەگیرێت ، کە ئەو (محمد)ە ﷺ خواى پەروەردگار بەتایبەتى بۆ ئەوە ئامادەى کردووە ، کە بیکاتە پێغەمبەر، وەک لە سووڕەتى (الأنعام) دا دەفەرموێ {... اللَّهُ أَعْلَمُ حَيْثُ يَجْعَلُ رِسَالَتَهُ ۗ...} الأنعام ، واتە : خوا بۆخۆى دەزانێ پەیامى خۆى لە کوێ دادەنێ ، هەر بۆیەش کەسێکى بۆ هەڵگرتنى پەیامەکەى هەڵبژاردووە ، کە مەعدەنێکى ئەوەندە چاک و ڕەوشتێکى ئەوەندە بەرزى هەبێ ، بەجۆرێک پێش پێغەمبەرایەتیشى ، کەس نەتوانێ ڕەخنەى لێ بگرێت، هەروەک لە پێش پێغەمبەرایەتیشدا بە (الصادق الأمین) ناوى دەرکردبوو ، دوژمنەکانیشى ڕاستگۆیی پێش پێغەمبەرایەتییان کردبوو بە بەڵگەى پێغەمبەر بوونى .
شەشەم : بۆیە خەدیجەش (محمد) دەبات بۆ لاى وەرەقە لەبەر ئەوەى، کە دەزانێ وەرەقە پیاوێکى ئەهلى کیتابەو پسپۆڕو شارەزایە ، بۆیە پێویستە ئێمەش شتەکانى خۆمان بگێڕینەوە بۆلاى خەڵکى پسپۆڕ و شارەزا، وەک خواى پەروەردگار لەو بارەوە دەفەرموێ : {... فاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ (43)} النحل ، الأنبیاء ٧٠ .
حەوتەم :  وەک باسمان کرد یەکەم ووشەى پەیامى کۆتایی خوا ، کەلەلایەن خواى پەروەردگارەوە بۆ پێغەمبەرمان (محمد) ﷺ هاتوە ، بریتى بوو لە ووشەى (إقرأ) بخوێنە ! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ ، کە ئیسلام دینى زانست و فێربوونەو، دەری دەخات، کە ئیسلام چەندە گرنگى بە خوێندنەوەو زانست و زانین دەدات ، وە دەرى دەخات ، کە ئینسان بەهۆى خوێندن و شارەزایی یەوە ، زۆر لە نهێنییەکانى دروستکراوەکانى خوا ئاشکرا دەکات و ، بەو هۆیەوە ، ئەگەر بیەوێ عەقیدەو ئیمان دەچەسپێ و ، بەپێی شەرعى خوا سەر زەمین لە تێکڕاى بوارەکاندا ئاوەدان دەکاتەوە .
________________
١)صحیح البخاري : (٣)
٢) (الناموس ) واتە : فریشتەى پەیک .
٣) صحیح البخاري : (٣)
٤) صحیح البخاري : (٦٩٩٠) .
٥) لە هەرکام لە کتێبی (ڕێگاى صاڵح بوون ...) و ، بەرگى دووەمى (ئیمان و عەقیدەى ئیسلامیی )دا ، بە درێژى باسى خەون و خورپە (الرؤیا والإلهام) کردووە 
________________
سەرچاوە: 
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (83-89)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه