بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەشاری مەککە
 ئاشکراکردنی بانگەواز و شێوازەکانی دژایەتی لەلایەن بتپەرستانەوە چۆن بوو ؟
03/11/2019
بینین: 1564


باسی یەکەم : ئاشکراکردنی بانگەواز
پاش ئەو ئامادەکاریە گەورەی کە پێغەمبەری خواﷺ ئەنجامیدا بۆ پەروەردە کردنی هاوەڵان و، بنیاتنانی کۆمەڵی موسڵمانی ڕێکخراوی یەکەم، لەسەر بنەمای بیروباوەڕو خوا پەرستی و ڕەوشتی بەرز، ئیتر کاتی ئاشکرا کردنی بانگەواز هات، لەدوای دابەزینی ئەم ئایەتە: {وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ(۲۱٤)وَاخْفِضْ جَنَاحَكَ لِمَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ} ( الشعراء:۲۱٤، ۲۱٥).
بۆیە، هەڵسا بەکۆکردنەوەی هۆزو عەشیرەتەکەی و، بەئاشکرا بانگی کردن بۆ باوەڕهێنان بەخوای تاك وتەنیا، ئینجا ترساندنی بەسزای خوا ئەگەر لەقسەی دەرچوون، فەرمانیشی پێکردن بەڕزگارکردنی خۆیان لە دۆزەخ، هەروەها بەرپرسیارێتی هەموو کەسێکی بەرانبەر خۆی ڕاگەیاند.
لە ئیبنو عەبباسەوە ڕەزای خوای لێبێت، فەرموویەتی : لەکاتی دابەزینی ئایەتی: {وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ} پێغەمبەرﷺ چووە سەر کێوی صەفاو هاواری کرد ((ئەی نەوەی عەدی، ئەی نەوەی فیهر))__ مەبەستی تیرەکانی قوڕەیش بوو__ تاکو کۆبوونەوە، کەسێك توانای ئامادەبوونی نەبوایە یەکێکی تری لەجێگەی خۆی دەنارد، ئینجا ئەبو لەهەب و هەموو قوڕەیش هاتن، ئەویش فەرمووی: ئایا ئەگەر پێتان بڵێم هەندێ ئەسپ سوار دەیانەوێت هێرش بهێننە سەرتان لەو دۆڵەوە، باوەڕم پێ دەکەن؟ وتیان: بەڵێ، درۆمان لێت نەبینیوە، فەرمووی: کەواتە من وریاکەرەوەی سزای سەختم بۆتان لەلای خواوە. ئەبو لەهەب وتی: دەستەکانت بشکێ، ئایا بۆ ئەمە ئێمەت کۆکردەوە، ئیتر خوای گەورە ئەم ئایەتانەی دابەزان:{تَبَّتْ يَدَا أَبِي لَهَبٍ وَتَبَّ (۱)مَا أَغْنَىٰ عَنْهُ مَالُهُ وَمَا كَسَبَ} لەڕیوایەتێکی تردا هاتووە__ تیرە تیرە بانگیانی دەکرد، بەهەریەکێکیش لەوانەی دەفەرموو: خۆتان لەدۆزەخ رزگاربکەن....
ئینجا فەرمووی: ئەی فاتیمە خۆت لەدۆزەخ رزگاربکە، من هیچم پێناکرێت بۆتۆ لەلای خوا، بەڵام ئێوە خزمایەتیەکتان هەیە بۆیە من هەڵدەستم بەجێبەجێکردنی مافەکانی.
قوڕەیشیەکان خەڵکێکی کردەیی بوون، کاتێك بینیان موحەممەدﷺ __ کە بە (الصادق الامین) دەناسرا__ هاوار دەکات وپێش خۆی وپاش خۆیشی دەبینی، دادپەروەری وژیرییان ڕێگەیان پێی پیشان دان وتیان: بەڵێ.
جاکاتێك شایەتی ئەوان بۆ ڕاستگۆیەتی پێغەمبەرﷺ بەدیهات، پێغەمبەری خواﷺ فەرمووی: من ئاگادار کەرەوەم لەپێش سزایەکی سەخت لەلای خواوە دێت بۆتان، ئەوەیش پێناسەیەك بوو بۆ پلەو پایەی پێغەمبەرایەتی و، ئەو زانستانەی کەتەنیا هەر خۆی دەیانزانێت، کەهاووێنەی نییە لەلای هیچ کەس و شوێنێك، ڕێگەش نەبوو لەو ڕێگەیە نزیکتر، نەشێوازیش هەبوو بۆ ڕوونکردنەوە لەو شێوازە ڕوونتر، خەڵکەکە هەمووی بێدەنگ بوون، بەڵام ئەبو لەهەب وتی: دەستت بشکێت ئایا تەنها بۆ ئەمە ئێمەت بانگ کردووە؟
بەم شێوەیەش پێغەمبەرﷺ بنچینەکانی ڕاگەیاندنی دامەزراند، چونکە شوێنێکی بەرزی هەڵبژارد بۆ ئەوەی دەنگی بەهەموان بگەیەنێت، هەر ئەم کارەیشە کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەنجامی دەدەن لەم سەردەمەدا، ئینجا بنچینەیەکی پتەوی هەڵبژارد بۆ بانگەوازەکەی ئەویش ڕاستگۆیی بوو، بەم کارەشی پیاوانی ڕاگەیاندن و بانگەوازی فێرکرد کە پەیوەندیکردن بەخەڵکی پێویستە پشت ئەستوور بێت بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر متمانەی تەواو لەنێوان نێرەرو وەرگردا، یان لەنێوان سەرچاوەی پەیامەکەو جەماوەر، هەروەها ناوەڕۆکیش دەبێت درۆی تیادا نەبێت.

((ئینجا کارێکی ئاساییە کەپێغەمبەری خواﷺ لەبانگەوازی ئاشکرادا لەکەس و کاری خۆیەوە دەست پێبکات، چونکە مەککە شارێك بوو گیانی هۆزایەتی پەڵی تیادا هاوێشتبوو، لەبەر ئەوە پێغەمبەرﷺ لەعەشیرەتەوە دەستی پێکرد، بۆ ئەوەی ببنە یارمەتیدەری و پارێزگاری بۆ دابین بکەن، هەروەها هەڵسان بەکاری بانگەواز لەمەککەدا پێویستە شوێنەوارێکی تایبەتی هەبێت، بەهۆی تایبەتمەندی ئەو شارەوە، چونکە ڕاکێشانی بۆ ڕێزی ئیسلام ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت، وەکو لەقورئانیش دا دەردەکەوێت، کە قوڕەیش کراوە بەیەکەم هەنگاو بەرەو جیهانی بوون، ئایەتەکانیش هەر لەسەردەمی مەککەوە باسی لەجیهانێتی ئیسلام خوای گەورە دەفەرمووێت: {تَبَارَكَ الَّذِي نَزَّلَ الْفُرْقَانَ عَلَىٰ عَبْدِهِ لِيَكُونَ لِلْعَالَمِينَ نَذِيرًا} (الفرقان: ۱).
هەروەها دەفەرمووێت: {وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ } (الٲنبیاء: ۱۰۷).
هەروەها دەفەرمووێت: {وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا كَافَّةً لِّلنَّاسِ بَشِيرًا وَنَذِيرًا وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ } (سبٲ: ۲٨).
دوای ئەوە قۆناغێکی ترهات، ئەویش بریتی بوو لەبانگکردنی هەرکەسێك کەپێی بگەشتایە، بەڵکو بەدوای خەڵکیشدا دەڕۆی بۆ جێگاکانیان و، شوێنی کۆبونەوەکانیان، یان لەکاتی حەج دا، هەموو کەسێکی بانگ دەکرد، کۆیلەو ئازاد، بەهێزو لاواز، دەوڵەمەندو هەژار، کاتێك کەخوای گەورە ئەم ئایەتانەی دابەزاند: {فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِكِينَ (۹٤)إِنَّا كَفَيْنَاكَ الْمُسْتَهْزِئِينَ (۹٥)
الَّذِينَ يَجْعَلُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَٰهًا آخَرَ فَسَوْفَ يَعْلَمُونَ(۹٦)
وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدْرُكَ بِمَا يَقُولُونَ} (الحجر: ۹٤ ــ ۹۷).
ئاکامی ئەم ئاشکراکردنەش ڕووبەڕوو بوونەوەو گاڵتە پێکردن بەدرۆ خستنەوە بوو، ململانێش سەخت بوویەوە لەنێوان پێغەمبەرﷺ و نەیارەکانی و، سەرانی بتپەرستان و بێباوەڕاندا، خەڵکیش باسی ئەو ململانێیەیان دەکرد لەهەموو جێگایەك، ئەوەش خۆی لەخۆیدا دەستکەوتنێك بوو بۆ بانگەوازی ئیسلام، سەرسەخترین دوژمنەکانی بەشدارییان تیادا کرد، لەو کەسانەی کەلەنێو هۆزەکاندا قسەی خراپیان بڵاوەپێدەکرد.
هۆکاری ڕاگەیاندن لەو سەردەمە بریتی بوو لە گواستنەوەی هەواڵەکان لەڕێگەی باسکردنیان، بۆیە هەموو کەسێك بەهەواڵی پێغەمبەرایەتی موحەممەدﷺ ئاگادار بوو، ئەم باسە گەورەیەش بوو بەگفتوگۆی نێو کۆڕو دانیشتنەکانی هۆزەکان.

گرنگترین ڕەخنەی بتپەرستان:

گرنگترین ڕەخنەکانی سەرانی موشریکەکان ئاڕاستەیان دەکرد تاك و تەنهایی خوای گەورەو ڕۆژی دوایی و پەیامی پێغەمبەرﷺو قورئانی پیرۆزبوو. ئێستاش ئەو ڕەخنانە شیدەکەینەوەو بەرپەرچیان دەدەینەوە:
یەکەم: ڕەخنەکانیان لەسەر یەکتاپەرستی.
بێباوەڕانی مەککە نکۆڵیان نەدەکرد کە خوای گەورەدروستکەری ئەوان و هەموو شتێکە. خوای گەورە دەفەرمووێت: {وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ قُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ }( لقمان:۲٥).بەڵام ئەوان بتیان دەپەرست، بانگەشەی ئەوەشیان دەکرد کەلەخوا نزیکیان دەکەنەوە، خوای گەورە دەفەرمووێت: {أَلَا لِلَّهِ الدِّينُ الْخَالِصُ وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مِن دُونِهِ أَوْلِيَاءَ مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَىٰ إِنَّ اللَّهَ يَحْكُمُ بَيْنَهُمْ فِي مَا هُمْ فِيهِ يَخْتَلِفُونَ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي مَنْ هُوَ كَاذِبٌ كَفَّارٌ } (الزمر:۳).
ئەوان بتپەرستیان لەمیللەتەکانی دەوروبەریان بۆ هاتبوو، بۆیە بانگەوازی یەکتاپەرستی ڕووبەڕووی گەورەترین بەرەنگاری بوویەوە و زۆریان بەلاوە سەیر بوو، خوای گەورە دەفەرمووێت: {وَعَجِبُوا أَن جَاءَهُم مُّنذِرٌ مِّنْهُمْ وَقَالَ الْكَافِرُونَ هَٰذَا سَاحِرٌ كَذَّابٌ(٤)
أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَٰهًا وَاحِدًا إِنَّ هَٰذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ (٥)وَانطَلَقَ الْمَلَأُ مِنْهُمْ أَنِ امْشُوا وَاصْبِرُوا عَلَىٰ آلِهَتِكُمْ إِنَّ هَٰذَا لَشَيْءٌ يُرَادُ (٦)مَا سَمِعْنَا بِهَٰذَا فِي الْمِلَّةِ الْآخِرَةِ إِنْ هَٰذَا إِلَّا اخْتِلَاقٌ} (ص: ٤ــ ۷).
ئەوان بۆچوونیشیان هەڵەبوو سەبارەت بەپەیوەندی خوای گەورەبەدروستکراوەکانی، چونکە ئەوان پێیان وابوو کەخوا هاوسەرێکی هەیە لەجنۆکە و فریشتەی دەبێت، فریشتەکانیش کچی خوان ـــ پاکی و بێگەردی بۆ خوای گەورە لەو قسانەـــ .
ئیتر ئایەتەکان دادەبەزین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوە کەخوای گەورە خۆی جنۆکەی دروست کردووەو، بەهەمان شێوە فریشتەو مرۆڤەکانیش، هەروەها هەرگیز مناڵ و خێزانی نەبووە، خوای گەورە دەفەرمووێت: {وَجَعَلُوا لِلَّهِ شُرَكَاءَ الْجِنَّ وَخَلَقَهُمْ وَخَرَقُوا لَهُ بَنِينَ وَبَنَاتٍ بِغَيْرِ عِلْمٍ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَىٰ عَمَّا يَصِفُونَ (۱۰۰) بَدِيعُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ أَنَّىٰ يَكُونُ لَهُ وَلَدٌ وَلَمْ تَكُن لَّهُ صَاحِبَةٌ وَخَلَقَ كُلَّ شَيْءٍ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ} (الٲنعام :۱۰۰ــ ۱۰۱). هەروەها ڕوونیشی دەکردەوە کە جنۆکەکان دان بەوەدا دەنێن کەخوای گەورە پەرستراوە، قسەی بێباوەڕانیش ڕەتدەکەنەوە: {وَجَعَلُوا بَيْنَهُ وَبَيْنَ الْجِنَّةِ نَسَبًا وَلَقَدْ عَلِمَتِ الْجِنَّةُ إِنَّهُمْ لَمُحْضَرُونَ } (الصافات: ۱٥٨).هەروەها داوای لەموشریکەکان دەکرد کە بەدوای ڕاستی بکەون و بەگومان و خەیاڵەوە قسەنەکەن: {إِنَّ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ لَيُسَمُّونَ الْمَلَائِكَةَ تَسْمِيَةَ الْأُنثَىٰ(۲۷)
وَمَا لَهُم بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِن يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنَّ الظَّنَّ لَا يُغْنِي مِنَ الْحَقِّ شَيْئًا }(النجم: ۲۷ــ ۲٨).
ئینجا ڕوونیشی دەکردەوە کەکارێکی شیاو نییە کەخوای گەورە کوڕ بەبتپەرستەکان بدات و خۆی کچی هەبێت، لەکاتێکدا کەکچ لەبۆچوونی ئەواندا لەکوڕ کەمترە:{أَفَأَصْفَاكُمْ رَبُّكُم بِالْبَنِينَ وَاتَّخَذَ مِنَ الْمَلَائِكَةِ إِنَاثًا إِنَّكُمْ لَتَقُولُونَ قَوْلًا عَظِيمًا} الٲسراء: ٤۰).

هەروەها لێپرسراوێتی دەخستە ئەستۆی بتپەرستەکان سەبارەت بەو قسانەی کەبەبێ بەڵگە دەیکەن:{
وَجَعَلُوا الْمَلَائِكَةَ الَّذِينَ هُمْ عِبَادُ الرَّحْمَٰنِ إِنَاثًا أَشَهِدُوا خَلْقَهُمْ سَتُكْتَبُ شَهَادَتُهُمْ وَيُسْأَلُونَ} (الزخرف: ۱۹).


السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص ۱٨٥ـــ ۱۹۰

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه