 چەند شێوازێکى دیکەى بێبڕوایان لە دژایەتیکردنى پەیام و بانگەوازى پێغەمبەرى خوا ﷺو پەیڕەوانى دا :
چوارەم : ئازاردانى دەروونى و جەستەیی پێغەمبەر ﷺ لەلایەن بێ بڕواکانەوە :
بەڕێزان ! لێرەدا شەش نمونە دێنینەوە بۆ چۆنیەتى ئازاردانى دەروونى و جەستەیی پێغەمبەر ﷺ لەلایەن کافرەکانەوە ، بۆ ئەوەى پەرچ و لەمپەر بخەنە بەردەم بانگەوازەکەی و دەستى پێ هەڵبگرن لەو پەیام وبەرنامەو بانگەوازەى کە خواى پەروەردگار پێیدا ناردووەو فەرمانى پێ کردووە کە ڕایبگەیەنێ :
یەک : { عن أَبِي هُرَيْرَةَ قَالَ قَالَ أَبُو جَهْلٍ هَلْ يُعَفِّرُ مُحَمَّدٌ وَجْهَهُ - أي يسجد كما كان يصلي عند الكعبة - بَيْنَ أَظْهُرِكُمْ قَالَ فَقِيلَ نَعَمْ فَقَالَ وَاللاتِ وَالْعُزَّى لَئِنْ رَأَيْتُهُ يَفْعَلُ ذَلِكَ لأَطَأَنَّ عَلَى رَقَبَتِهِ أَوْ لأُعَفِّرَنَّ وَجْهَهُ فِي التُّرَابِ قَالَ فَأَتَى رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَهُوَ يُصَلِّي زَعَمَ لِيَطَأَ عَلَى رَقَبَتِهِ قَالَ فَمَافَجِئَهُمْ مِنْهُ إِلا وَهُوَ يَنْكُصُ عَلَى عَقِبَيْهِ وَيَتَّقِي بِيَدَيْهِ قَالَ فَقِيلَ لَهُ مَا لَكَ ؟ فَقَالَ إِنَّ بَيْنِي وَبَيْنَهُ لَخَنْدَقًا مِنْ نَارٍ وَهَوْلا وَأَجْنِحَةً فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَوْ دَنَا مِنِّي لاخْتَطَفَتْهُ الْمَلائِكَةُ عُضْوًا عُضْوًا} رواه مسلم ، واتە : ئەبو هوڕەیڕە – خوا لێی ڕازى بێ – دەڵێ : ڕۆژێک ئەبو جەهل لە کۆڕو مەجلیسى خۆیاندا دانیشتوەو گوتویەتى : ئەوە موحەممەد لە پێش ئێوە دەموچاوى خۆى بە خۆڵ دەکات ؟!( تەعبیرێکى ناڕێکى بەکار هێناوە مەبەستى ئەوە بووە ، کە سەجدە دەبان لە نێو مزگەوتى حەڕام لەلاى کەعبە )، گوتیان : بەڵێ (دێ لێرە نوێژژێ دەکات) ئەویش سوێند دەخوات و دەڵێ : سوێند بە (لات) و سوێند بە (عوززا) ئەگەر ببینم سەجدە بەرێ و نوێژ بکات ، پێ لەسەر ملى دادەنێم و دەموچاوى لە نێو خۆڵی وەردەدەم ، ئیدى ئەبوو جەهل هاتە لاى پێغەمبەرى خوا ﷺ لە کاتێکدا کە نوێژى دەکرد ، بۆ ئەوەى لەکاتى سەجدە بردنیدا پێ بخاتە سەر ملى موبارەکى ، بەڵام کافرەکان هەر ئەوەندەیان زانى ئەبو جەهل پاشەو پاش لەسەر پاژنە پێیان دەکشێتەوە بە دەستەکانى بەرگرى لەخۆى دەکات و خۆى لە شتێک دەپارێزێت ، چوونە لاى و ، گوتیان : ئەوە بۆ وادەکەى ؟! ئەویش گوتى : لە نێوان من و موحەممەددا یەک چاڵی ئاگرین هەبوو ، وە مەخلوقێکى زۆر سامناک هەبوو کە باڵى گەورەى هەبوون و زۆر ترساندمى ، پێغەمبەر ﷺ دواى ئەوەى ، کە نوێژەکەى تەواو کرد ، فەرمووى : ئەگەر ئەبوو جەهل لێم نزیک بوبایەوەو پێی خستبایە سەر ئەستۆم ، فریشتەکان دەیئەهاتنێ و پارچە پارچەیان دەکرد . لەو کاتەدا ئەم ئایەتەى تەواوکەرى سوڕەتى (العلق) هاتنە خوارێ کە لە ئایەتى (٦-١٩) یە ، وە سەرجەم ئایەتەکانى ئەم سوڕەتە (١٩) ئایەتن بە ژمارەى پیتەکانى {بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ} وە سەرەتاى ئەم سوڕەتە یەکەمین ئایەتێک بوون کە بە وەحى بۆ پێغەمبەر ﷺ هاتن ، باقیەکەى دیشى لەم قۆناغەدا هاتنە خوارێ ، کە قورئان هەمووى بەو شێوەیەیە، کەم سوڕەت هەیە هەمووى بەیەکەوە هاتبێتە خوار، بەڵکو هەر کۆمەڵە ئایەتەو بە بۆنەیەکەوە هاتوونە خوار ، وە ئەم کۆمەڵە ئایەتەش هەمووى دەربارەى ئەبو جەهل هاتوون ، دەفەرموێ {كَلَّا إِنَّ الْإِنْسَانَ لَيَطْغَى} ، واتە : نەخێر ئینسان یاخى دەبێ ، (ئینسانێک کە پەیامى خواى پێ نەگەیشتووە یان پێی گەیشتووەو پشتى تێ کردوە ) یانى : ئینسانى کافر یاخى دەبێ ، {أَنْ رَآهُ اسْتَغْنَى} واتە : کاتێک کە ببینێ بێ نیازو دەوڵەمەندەو دەسەڵاتى هەیە ، ( ئینسانى کافر یاخى دەبێ، بەڵام ئینسانى ئیماندار هەرچەندە دەسەڵات و سامانى هەبێ ، بەهى خواى دەزانێ ) ، {إِنَّ إِلَى رَبِّكَ الرُّجْعَى} ، واتە : بێگومان گەڕانەوە بۆ لاى پەروەردگارتە ، {أَرَأَيْتَ الَّذِي يَنْهَى (٩) عَبْدًا إِذَا صَلَّى} واتە : ئایا ئەو کەسەت بینى کە قەدەغە دەکات لە بەندەیەک ، کە نوێژ بکات ئەویش (موحەممەدە ﷺ) {أَرَأَيْتَ إِنْ كَانَ عَلَى الْهُدَى (١١) أَوْ أَمَرَ بِالتَّقْوَى} واتە : ئایا دەبینى ئەگەر ئەو کەسە لەسەر ڕێگەیەکى ڕاست بووایەو فەرمانى بە پارێزگاریی بکردبایە باشتر نەبوو ، {أَرَأَيْتَ إِنْ كَذَّبَ وَتَوَلَّى} ، واتە : ئایا دەبینى کە ئەو ئینسانە (کە ئەبو جەهلە) دینى خوا بەدرۆ دەزانێ و پشتى تێ دەکا ، {أَلَمْ يَعْلَمْ بِأَنَّ اللَّهَ يَرَى} واتە: ئایا نازانێ ، کە خوا دەبینێ ؟، {كَلَّا لَئِنْ لَمْ يَنْتَهِ لَنَسْفَعًا بِالنَّاصِيَةِ} باواز بهێنێ ! ئەگەر واز نەهێنێ بەقژى پێشەوەى سەرى ڕایدەکێشین ، (ناصیة) بەو تووکە سەرەى پێشەوەى نێو چاوانى ئینسان دەگوترێ ) ، {نَاصِيَةٍ كَاذِبَةٍ خَاطِئَةٍ} واتە : تووکە سەرى نێو چاوانێکى درۆزنى گوناهبار ، {فَلْيَدْعُ نَادِيَهُ} واتە : با ئەو هاوار لە دارو دەستەکەى خۆی ببەستێ ، {سَنَدْعُ الزَّبَانِيَةَ} واتە: ئەو کات ئێمەش ئەوانەى بۆ بانگ دەکەین ، کەبەسەر دۆزەخ ڕادەگەن ، { (الزبانیة) واتە : دۆزەخەوان} ، {كَلَّا لَا تُطِعْهُ وَاسْجُدْ وَاقْتَرِبْ} واتە : نەخێر ئەى موحەممەد ﷺ بە قسەى مەکەو زیاتر بۆ خوا کڕنووش ببەو لە خوا نزیک بەوە ، چونکە ئینسان لەکاتى سەجدەدا لەهەموو کاتێک لە خوا نزیکترە ، وەک پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرموویەتى {أقرب ما یکون العبد من ربه و هو ساجد فأکثروا الدعاء} ، رواه مسلم. بەڵێ بێگومان تا ئینسان زیاتر کڕنووش بۆ خوا بەرێ ، زیاتر لە خوا نزیک دەبێتەوە ، وەتا لە خواش نزیکتر بێ ، خواى پەروەردگار زیاتر پشتى دەگرێ .
دوو: { (عن ابن مسعود) رضي الله عنه : أنَّ النبيَّ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ كانَ يُصَلِّي عِنْدَ البَيْتِ، وأَبُو جَهْلٍ وأَصْحَابٌ له جُلُوسٌ، إذْ قالَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ: أيُّكُمْ يَجِيءُ بسَلَى جَزُورِ بَنِي فُلَانٍ، فَيَضَعُهُ علَى ظَهْرِ مُحَمَّدٍ إذَا سَجَدَ؟ فَانْبَعَثَ أشْقَى القَوْمِ فَجَاءَ به، فَنَظَرَ حتَّى سَجَدَ النبيُّ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ، وضَعَهُ علَى ظَهْرِهِ بيْنَ كَتِفَيْهِ، وأَنَا أنْظُرُ لا أُغْير شيئًا، لو كانَ لي مَنَعَةٌ، قالَ: فَجَعَلُوا يَضْحَكُونَ ويُحِيلُ بَعْضُهُمْ علَى بَعْضٍ، ورَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ سَاجِدٌ لا يَرْفَعُ رَأْسَهُ، حتَّى جَاءَتْهُ فَاطِمَةُ، فَطَرَحَتْ عن ظَهْرِهِ، فَرَفَعَ رَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ رَأْسَهُ ثُمَّ قالَ: اللَّهُمَّ عَلَيْكَ بقُرَيْشٍ. ثَلَاثَ مَرَّاتٍ، فَشَقَّ عليهم إذْ دَعَا عليهم، قالَ: وكَانُوا يَرَوْنَ أنَّ الدَّعْوَةَ في ذلكَ البَلَدِ مُسْتَجَابَةٌ، ثُمَّ سَمَّى: اللَّهُمَّ عَلَيْكَ بأَبِي جَهْلٍ، وعَلَيْكَ بعُتْبَةَ بنِ رَبِيعَةَ، وشيبَةَ بنِ رَبِيعَةَ، والوَلِيدِ بنِ عُتْبَةَ، وأُمَيَّةَ بنِ خَلَفٍ، وعُقْبَةَ بنِ أبِي مُعَيْطٍ ...، قالَ: فَوَالَّذِي نَفْسِي بيَدِهِ، لقَدْ رَأَيْتُ الَّذِينَ عَدَّ رَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ صَرْعَى، في القَلِيبِ قَلِيبِ بَدْر} رواه البخاري ، واتە : عەبدوڵڵاى کوڕى مەسعود – خوا لێی ڕازى بێ- دەگێڕێتەوەو دەڵێ : ڕۆژێکیان پێغەمبەر ﷺ لاى کەعبە نوێژى دەکرد ، ئەو جەهل و هێندێک لە برادەرەکانیشى لەوێ دانیشتبوون ، هێندێکیان بەوانى دیکەیان گوت : کێ دەچێ وورگ و ڕیخۆڵەى ووڵاخێکى سەربڕاو بێنێ و کە موحەممەد چووە سەجدەوە بیخاتە سەر ملى ؟ ، (غقبة بن أبی معیط) کە لە هەموویان خراپترو بەدبەختتر بوو چوو هێنایی و چاوەڕوانى کرد تا پێغەمبەر ﷺ چووە سەجدەوە و شتەکەى خستە سەر شان و ملى پێغەمبەر ﷺ ، عەبدوڵڵا دەڵێ : منیش تەماشام دەکردو توانام نەبوو نەهێڵم واى لێ بکرێ ، ئەوانیش سەیرى یەکترییان دەکردو دڵخۆش بوون و پێدەکەنین و بەلاى یەکدیدا خوار دەبوونەوە (لەبەر زۆر پێکەنین ) ، پێغەمبەریش ﷺ لە سەجدەدا بوو سەرى بەرز نەدەکردەوە ، تا (فاطمة)ى کچى هات و شتەکەى لەسەر شان و ملى لابردو ، پێغەمبەریش ﷺ سەرى بەرز کردەوەو فەرمووی : خوایە تۆڵە لە قوڕەیش بستێنى ، سێ جار ئەوەى دووبارە کردەوە ، کە ئەوە لەسەریان ناخۆش بوو ، وە دەیانزانى ئەو دووعایەى پێغەمبەر ﷺ لەم شوێنەدا گیرا دەبێ ، دوایی پێغەمبەر ﷺ ناوى هێندێکیانى هێناو گوتى : ( خوایە تۆڵە بستێنى لە ئەبو جەهل )، خوایە تۆڵە بستێنى لە (عتبة و شیبة و ولید و أمیة و عقبة) ، (ابن مسعود) دەڵێ : سوێند بەو کەسەى نەفسى منى بەدەستە ، ئەوانەى پێغەمبەر ﷺ دوعاى لێکردن لە غەزاى بەدردا هەموویان لەنێو چوون و فڕێدرانە نێو چاڵێکەوە لە بەدر ، کە پییان دەگوت (قلیب بدر) . پێغەمبەر ﷺ ئا بەو شێوەیەش و زیاتریش ئازارى دەروونیی و جەستەیی بینیوەو لە ثیناو دینى خواو بانگەوازى هەقدا ناخۆش چێشتوە .
سێ : وەک پێشتى باسمان کرد (أبو لهب) ناوى (عبد العُزّى) بووە ، وە هەتا بڵێی پیاوێکى بەد فەڕو خراپ بووە ، خێزانەکەى ناوى (أم جمیل) بوو ، کە ئەویش ئافرەتێکى زۆر بەد ڕەفتار و دوژمنى پێغەمبەر ﷺ بووە ، زۆر جار دڕک و داڵی هێناوەو لەسەر ڕێ و لەبەردەم ماڵی پێغەمبەرى داناوە بەمەبەستى ئازاردانى ، وە ژنێکى زمان درێژ بووەو درۆو دەلەسەى زۆرى بۆ پێغەمبەر هەڵبەستوەو ئاگرى فیتنەى هەڵکردوە ، (بخارى) لە (صحیح)ى خۆیدا لەو بارەوە دەڵێ : کاتێ سوڕەتى (المسد) هاتە خوار ، کە باسى ژنەکەى ابو لهب (أم جمیل) دەکا ، (أم جمیل) هات بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ کە ئەو کات لەگەڵ ابو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – لە نزیک کەعبەوە دانیشتبوون ، بەردێکى پێ بوو پان و تیژ بوو ئەو کاتە بۆ شت بڕین بەکاریان دەهێنا ، بە (ابو بکر)ى گوت: ئەى (ابو بکر) کوا هاوڕێکەت (کە مەبەستى پێغەمبەر ﷺ بووە) بیستوومە قسەى پێ گوتووم ، بەخوا ئەگەر بیبینم بەم بەردە لە دەم و ددانى دەدەم و ددانى دەشکێنم ، بۆ ئەوەى جارێکى دیکە نەتوانێ قسەم پێ بڵێ ، دوایی ڕۆشت . (أبو بکر)یش کەلە تەنیشت پێغەمبەرەوە ﷺ دانیشتبوو لێی پرسی : ئەى پێغەمبەرى خوا پێتوایە تۆى نەبینی ؟! پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : {لقد أخذ الله ببصرها عنی} واتە : خوا چاوى ئەوى گرت لە بەرانبەر مندا ، جا دەڵێ : ئەو ئافرەتە لەکاتى ڕۆشتنیدا ئەو سروودەى دەگوت : { مُدَمَّما عضصَينا ، وأمرُهُ أبينا ، ودينَهُ قَلَينا} واتە : ئێمە بە قسەى پیاوى زەمکراو ناکەین ، وە بەکارو قسەکانى ناڕازین و ، ڕقمان لە دینەکەشیەتى . ئینجا پێغەمبەر ﷺ دڵی خۆش دەبوو کاتێک ، کە قوڕەیشییەکان قسەو جنێویان بە (مُدَمَّم) دەگوت، وە دەیفەرموو { ألا تعجبون یصرف الله عني شتم قریش و لعنهم ! یشتمون مذمماً و يلعنون مذموماً وأنا (محمد)} رواه البخاري، واتە : ئایا سەرتان سووڕ نامێنێ کە چۆن خوا جنێوو نەفرەتى قوڕەیشییەکان لە من دوور دەخاتەوە ! ئەوان جنێو بە (مذمم) دەڵێن و نەفرەت لە (مذمم) دەکەن و من ناوم (محمد)ە ، واتە : من ستایش کراوم ، بەڵام ئەوان قسە بە کەسێکى زەمکراو دەڵێن ، کە من ئەو نیم .
هەروەها (ابن أبی شیبة) لە کتێبی (السیرة النبویة)دا گوتوویەتى: { وقد بلغ من أمر أبی لهب أنه کان یتبع رسول الله ﷺ فی الاسواق والمجامع و مواسم الحج ویکذبه} ، واتە : (أبو لهب) عادەتى وابوو کە هەمیشە بەدواى پێغەمبەرەوە بوو ﷺ لە شوێنە گشتییەکان و بازاڕو کاتەکانى حەج و ... هتددا ، دەیگوت : هەرچییەک کە ئەو پیاوە دەیڵێ وانیە و ڕاست ناکات ، بۆ وێنە کاتێک ، کە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ خەڵکێکدا قسەى دەکرد و بانگى دەکردن بۆ ئیسلام ، ئەو دەهات و دەیگوت : ئەوە برازاى منەو ، شێتەو لە قسەکانیدا ڕاست ناکات و من ڕیش سپیم وە فڵانى کوڕى فڵانم بەقسەى مەکەن ، جا بۆیە خواى دادگەر لەنێو هەموو دوژمنەکانى پێغەمبەردا ﷺ هەڕەشەى لە (أبو لهب) کردوە لە سوڕەتى (المسد)دا بەو (کنیة)یەى کە پێی مەشهوور بووە ، ئەگەر نا خۆى ناوى (عبدالعزى) بووە ، ئەگەر سەرنج بدەین لێرەدا زۆر شت دەفامرێتەوە :
أ)بۆ ئەوەى کە بزانرێ ئەبو لەهەب لە هەموو کەس زياتر ئازارو ئەشکەنجەى پێغەمبەرى داوە ﷺ.
ب) بۆ ئەوەى بزانرێ لە ئیسلامدا ڕەچەڵەک و تیرەگەرێتى و خاترو خوایش نیەو ، مامى پێغەمبەر ﷺ لەبەر ئەوەى کە زۆر ئازارو ئەشکەنجەى پێغەمبەرى داوە ﷺ خواى کاربەجێ ڕقی لێیەتى و دەیبوغزێنێ و خێزانەکەشى بەهەمان شێوە . جا لێرەدا ئیعجازێکى مێژوویى هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە خواى زاناو شارەزا نەفرینى کردووە لە (أبو لهب) و زانیویەتى کە ئیمان ناهێنێ و بێگومان لەسەر بێ بڕوایش مردووە ، شێوازى مردنەکەشى وەک لە کتێبەکانى (سیرة)دا باسکراوە ، دەڵێت : پێش مردنى دەردێکى تووش بوو عارەب پێیان دەگوت (عَدَسة)، کە دەردێکى درم بوو ، بەهۆى ئەو دەردەوە سێ ڕۆژان مایەوەو ، لەنێو بەرگەکەى خۆیدا بۆگەنى کردو ئەستوور بوو ، خزم و کوڕەکانى لەبەر عەیبە ، چاڵێکیان بۆ هەڵکەندو خستیانە نێوى ، نەوێران بیشیشۆن، دەیانگوت نەوەک ئێمەش ئەو نەخۆشیە بگرینەوە .
ج) ئەو هەڕەشەیەى خواى بەرزو مەزن لە (ابو لهب) و خێزانەکەى ، ئەوە دەگەیەنێ کە خواى پەروەردگار پشت و پەناى بەندە ڕاستەقینەکانى خۆیەتى و بەرگرییان لێ دەکات و ، ئەو شتە لە ئیمانداران حاڵی دەکات ، هەروەها بۆ ئەوەى ناحەزانى پێغەمبەرو ﷺ ئیسلام ئەوە بزانن ، کە خواى توانا دژیان دەوەستێ و پشتیان دەشکێنێ .
چوار : (ابن هشام) گوتوویەتى : { اجتمع أشراف قريش يوماً في الحِجر، فذكروا رسول الله صلى الله عليه وسلم، فقالوا: ما رأينا مثل ما صبرنا عليه من هذا الرجل قط، سفّه أحلامنا، وسبّ آلهتنا. لقد صبرنا منه على أمر عظيم... فبينما هم في ذلك إذ طلع عليهم رسول الله صلى الله عليه وسلم ... فوثبوا إليه وَثْبة رجل واحد وأحاطوا به يقولون له: أنت الذي تقول كذا وكذا؛ لِمَا كان يَبْلغهم عنه من عيب آلهتهم ودينهم؟ قال: "نعم، أنا الذي أقول ذلك". قال: فلقد رأيت رجلاً منهم أخذ بمَجمع ردائه، وقال: وقام أبو بكر الصديق رضي الله عنه دونه يقول وهو يبكي: أتقتلون رجلاً أن يقول: ربي الله؟!} واتە : ڕۆژێک زلە زلەکانى قوڕەیش کۆدەبنەوە لە (حجر)دا ، باسى پێغەمبەر ﷺ دەکەن ، وە دەڵێن : بەڕاستى ئێمە سەبرێکى زۆر گەورەمان گرتووە لەسەر ئەو کابرایە ، کە هەرگیز هێندە خۆڕاگرو بەسەبر نەبووین ، ئێمە بەبێ عەقڵ دەزانێ و قسە بە پەرستراوەکانمان دەڵێ ، وە ئێمەش سەبرمان لێ گرتوە لەسەر شتێکى زۆر گەورە .... لە درێژەى بەسەر هاتەکەدا دەڵێ : کاتێ کە ئەوان لە مشت و مڕو قساندا بوون ( کە دەیانگوت نابێ چیدى سەبرى لێ بگرین و لێی قبوڵ ناکەین دەبێ زەبرێکى لێ بدەین ) لەو کاتەدا پێغەمبەر ﷺ هات بۆ لاى کەعبە (دیارە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر ئازارو ئەشکەنجە دراوە ، بەڵام طاعەت و عیبادەتەکانى خۆى هەر بردوونە لاى کەعبە و دەستبەردارى ماڵى خوا نەبووە ، بۆیە دەبێ ئێمەش لەوەشدا شوێن پێی پێغەمبەر ﷺ هەڵبگرین و هەڕەشەو ئازار ساردمان نەکاتەوە لە خوا پەرستى ) لە درێژەى بەسەرهاتەکەدا ، دەڵێ : کاتێک کە پێغەمبەر ﷺ دەرکەوت هەموویان بۆى هەستان وەک هەستانى یەک ئینسان ، وە دەوریان لێداو یەخەیان گرت و کراسەکەیان ڕادەکێشاو پێیان دەگوت : تۆى ئاوا بە پەرستراوەکانى ئێمە دەڵێی ؟ فەرمووى : بەڵێ منم! ( بێگومان پێغەمبەر ﷺ لە حەقێک ، کە گوتویەتى پاشگەز نەبۆتەوە هەر لەبەر ئەوەى ، کە یەخەى کراسەکەیان ڕاکێشاوە) ، دوایی ئەبو بەکر ، کە پێغەمبەرى لەو حاڵەتەدا بینى چووە نێوان بێ بڕواکان و پێغەمبەرەوە ﷺ گریاو گوتى : ئایا ئێوە پیاوێک دەکوژن هەر لەبەر ئەوەى کە دەڵێ : پەروەردگارم بەس خوایە ؟ لە هەندێک ڕیوایەتى دیکەدا هاتووە ، کە لەکاتێکدا أبو بکر ئەو قسەیەى کرد ، کافرەکان وازیان لە پێغەمبەر ﷺ هێناو کەوتنە گیانى (أبو بکر ) و زۆریان لێدا.
پێنج : لێرەدا پێغەمبەر ﷺ باسى ئازاردانى خۆى دەکات لەلایەن بێ بڕواکانەوە ، کە دەفەرموێ : { لقد أُخْفِتُ في الله عزّ وجلّ و ما يُخاف أحد، و لقد أُذيت في الله وما يؤذي أحدٌ ، ولق أتت علي ثلاثون من بين يوم وليلة و مالي وبلال طعام يأكله ذو كبد إلا شيء يواريه أبط بلال } رواه الترمذی ، واتە: لە ثیناوى خواو لە ڕێی خوادا ترسێنراوم بەشێوەیەک ، کە هیچ کەسێک ئەوەندە نەترسێنراوە ، وە لە پێناوى خوادا بەشێوەیەک ئازاردراوم ، کە هیچ کەس ئەوەندە ئازار نەدراوە ( یاخود کاتێک ، کە لەسەر خوا ترسێنراوم و ئازاردراوم هیچ کەس نەترسێنراوەو ئازار نەدراوە ) جارى وا هەبووە سی (٣٠) ڕۆژ و شەو من و بیلال شتێکمان پێ نەبووە ، کە ئینسان بیخوا مەگەر ئەوەى ، کە بیلال لەبن هەنگڵێی ناوە ، ( واتە : ئەوەندە کەم بووە ، کە لەبن هەنگڵی بیلالدا جێی بۆتەوە ، ئایا ڕۆژى چەند پاروویەکى کەمیان خواردبێ یان نا ) .
شەش : هەر کام لە (السيوطي) لە (لُباب النقول في أسباب النزول)، وه ( النيسابوري) له (أسباب النزول) داو ، باقى زانایانى دی ، کەلەبارەى هۆى هاتنە خوارەوەى ئایەتەکان قسەیان کردووە ، بۆمان دەگێڕنەوە ، کە قوڕەیش عادەتیان وابووە نازناوێکى ناخۆشیان بەسەر پێغەمبەردا ﷺ بڕیوە ، وەک جەنگێکى دەروونیی و پێیان دەگوت (أبتر) ، لە زمانى عارەبیدا (أبتر) بەکەسێک دەگوترێ کە کوڕی نین و منداڵی نێرى لە دوا بەجێ نەمێنێ ، چونکە پێغەمبەر ﷺ کوڕەکانى هەمووى بەناباڵغى مردوون – ئەوەش لەبەر چەند حیکمەتێک ، کە خواى پەروەردگار بۆ خۆى دەیزانێ – بێگومان پێغەمبەر ﷺ پێی دڵتەنگ بووە کە کوڕەکانە بە ناباڵغى مردوون ، قوڕەیشیش پێیان دەگوت (-أبتر- دوابڕاو) ، بەڵام خواى کاربەجێ لە پشت پێغەمبەر ﷺ و هەر ئیماندارێکى دیکەشەو دیفاعى لێ دەکات ، وەک دەفەرموێ : {اللَّهُ وَلِيُّ الَّذِينَ آمَنُوا...(٢٥٧)} البقرة ، واتە : خوا دۆست و پشتیوانى بڕوادارانە ، بۆیە خواى کاربەجێ لە وەڵامى ئەو قسەیەى کافرەکانى قوڕەیشدا سوڕەتى (الکوثر)ى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ {بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَرَ (١) فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ (٢) إِنَّ شَانِئَكَ هُوَ الْأَبْتَرُ (٣) } ، واتە : بەناوى خواى بەبەزەیی بەخشندە ، ئێمە (کوثر) مان بەتۆ بەخشیوە ، بۆ پەروەردگارت نوێژ بکەو قوربانیش هەر بۆ ئەو سەرببڕە ، بێگومان ئەو کەسەى ، کە ناحەزى تۆیە و توانج و پلارت تێ دەگرێ ، هەر ئەو دوابڕاوەو بێ پاشەوارە .
بەڵێ پێغەمبەر ﷺ کوڕی نین بەڵام ئوممەت خۆى نەک هەر بە کوڕ بەڵکو بە خزمەتکارو قوتابى ئەو دەزانێ ، بەڵکو ئوممەت هەمووى شانازى بەوەوە دەکا ، دیارە کەسایەتییەکى ئاواش بێ پاشەوار نیەو ئوممەتى ئیسلامى هەمووى لە خزمەتیدایە ، بەڵام دوژمنەکانى پێغەمبەر ﷺ چییان لێ هات ؟ (ولی بن المغیرة) کە یازدە کوڕی هەبوون و (أبو جهل) و ...هتد ، کوان ؟ لە کوێن ؟ چییان لێ هات ؟! بێگومان ئەوانە کەوتنە زبڵدانى مێژووەوە ، چونکە ئینسانانى خراپ ، یان هەر باسیان ناکرێ ، یان ئەگەر باسیشیان بکرێ بە خراپە باس دەکرێن و نەفرینیان لێ دەکرێ .
ناحەزانى پێغەمبەر ﷺ و ئیسلام لە ڕابردوودا هەرچەندە هێزو تواناو فرت و فێڵیان زۆر بوو ، بەڵام بەهۆى یارمەتى و هیدایەتى خواوە بۆ پێغەمبەر ﷺ نەیانتوانى بە ئاوات بگەن و سەرەنجامیان شوم و دۆڕاندن بوو .
ئێستاش کەسانێک کە پێغەمبەرى خوا ﷺ دەبوغزێنن و قسەى ناشیرینى بەرانبەر دەکەن ، خۆیان پێی سوک و ڕیسوا دەبن و ئەو هەڵوێستەیان کەم وکوڕیی و نەزانیی و داخ لە دڵی خۆیان دەگەیەنێ و سەرەنجامى ئەمانەش هەر وەک ئەوانى پێشوو دەبێ و ئیسلام چرایەکە بە هەوڵ و فووى دەمى کەس ناکوژێتەوەو ڕێبازى پێغەمبەریش ﷺ هەر ئاوەدان و قەڵەباڵغ دەبێ .
خواى پەروەردگار بمانگێڕێ لەوانەى خۆیان بە شاگردو قوتابى و شوێنکەوتووی ڕاستەقینەى پێغەمبەر ﷺ دەزانن و هەموو شتێک لە ڕیی خوادا لە خۆیان دەگرن و ڕەزامەندیی خواو سەرکەوتنى ئیسلام تاکە مەبەستى سەرەکییانە .
__________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە /(٢٣٤-٢٤٤)
|