 یەکەمین کەسانێک کە ئیمانیان بە پێغەمبەرایەتى (محمد) ﷺ هێنا
یەکەم / خدیجة بنت خویلد:
وەکو گوتمان پێغەمبەر ﷺ زۆر بە دانایی و وەستایی دەستى کردووە بە بانکەواز و ، کێ زۆرى لێ نزیک بووە ، یەکەم جار قسەى لەگەڵ ئەودا کردووە ، بۆیە پیش هەموو کەس لە هاوسەرى دڵسۆزو وەفادارو عاقڵ و تێگەیشتووى (خدیجة بنت خویلد) دایکى موسوڵمانانەوە –خوا لێی ڕازى بێ- دەستى پێ کردووە ، هەرچەند لە کتێبەکانى (سیرة)دا گوتراوە کە (خدیجة) یەکەم کەس بووە لە ئافرەتان ، بەڵام بە تەئکید یەکەم کەس بووە بە موتڵەقى لە پیاوو ئافرەت و وردو درشت ، کە موسوڵمان بووەو ئیمانى هێناوە ، بێگومان ئەوەش شادییەکى زۆر گەورەیە بۆ پێغەمبەر ﷺ چونکە هاوسەرى ئینسان لە هەموو کەس ئاشناترە بە هاوسەرەکەى ، واتە : پیاو لەهەموو کەس زیاتر ژنى خۆى دەناسێ ، ژنیش لە هەموو کەس زیاتر مێردى خۆی دەناسێ .
خەدیجە –خوا لێی ڕازى بێ- کاتێک کە پێغەمبەر ﷺ لە ئەشکەوتى (حیراء) گەڕایەوە، دڵی دایەوەو پێی گوت : نەخێر موژدەت لێبێ ، بە خوا ، خوا قەت ناهێڵێ تۆ تووشى زەبوونیی و عەیبداریی ببی ، دوایی کۆمەڵێ سیفەتى لێ هەڵدەدا ، کەواتە خەدیجە لە ڕووى شارەزایی و ئاشنایی هەبوونى بەو مێردەى خۆیەوە زانیویەتى ، کە (محمد) ﷺ جگە لە شتى چاک و باش ، هیچ شتێکى دیکەى شایستە نیە ، هەر بۆیەش یەکەمین کەس کە ئیمانى بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە (خدیجة) بووە –خوا لێی ڕازى بێت- کە پێغەمبەر ﷺ لە وەصفیدا فەرموویەتى : { خیر نسائها مریم و خیر نسائها خدیجة} راه البخاري (١)،واتە : چاکترین ئافرەتى ئوممەتى عیسا مەڕیەمەو چاکترین ئافرەتى ئوممەتى موحەممەد خەدیجەیە .
دووەم / علی بن أبي طالب :
دووەمین کەس کە ئیمانى بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە (علي بن أبي طالب ) بووە – خوا لێی ڕازى بێت- کە ئەو کات تەمەنى (١٠) ساڵ بووە (٢)، بۆیەش لە ماڵى پێغەمبەر ﷺ بووە ، چونکە کاتى خۆی (أبو طالب)ى مامى پێغەمبەر ﷺ نەدار بووەو هێندێک لە خزمەکانى کوڕەکانى (أبو طالب)یان گرتونە لاى خۆیان ، بۆ ئەوەى بەخێویان بکەن و بارى شانى سووک بکەن ، پێغەمبەریش ﷺ عەلى هێنایە لاى خۆى ، جا عەلى _خوا لێی ڕازى بێت- هەر لە ماڵی پێغەمبەردا بووە ﷺ ، یەکەمین کەسیش لە منداڵان ، ئەو ئیمانى بە پێغەمبەر ﷺ } هێناوە ، لە کتێبەکانى سیرەدا هاتووە ، کە عەلى لەگەڵ پێغەمبەردا ﷺ بە ڕۆژێ نەیانویستوە لە مەککەدا لە پێش چاوى موشریکەکان نوێژ بکەن ، بۆیە دەچونە شیوو دۆڵەکانى مەککەو بەیەکەوە نوێژیان دەکرد و ئێوارە دەگەڕانەوە ماڵ (٣).
سێ یەم / زید بن حارثة :
سێیەمین کەس کە ئیمانى بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە ، زەیدى کوڕی حارثە بووە ، کە یەکێک بوو لەو کۆیلانەى ، کەپێغەمبەر ﷺ ئازادى کردووەو ، پێشتر دراوە بە (خدیجة) و ماوەیەکى کەم کۆیلەى ئەو بووە ، دوایی پێغەمبەر ﷺ داواى لێکرد کە بیداتێ ئەویش زەیدى داوە بە پێغەمبەرو ﷺ دواتر کردوویەتى بە کوڕی خۆى – پێش ئەوەى وەحى بۆ بێ – ئینجا باب و خزم و کەسى زەید هاتوون بۆ لاى و ویستویانە داوا لە پێغەمبەر ﷺ بکەن لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە ، پێغەمبەریش ﷺ پێی گوتووە : ئەگەر پێت خۆشە لاى من بمێنەوە ، ئەگەر پێشت خۆشە بچیتەوە ئەوە بڕۆوە ، بەڵام زەید مانەوەى لاى پێغەمبەرى { ﷺ هەڵبژاردو لەگەڵ باب و کەسەکانى نەڕۆشتەوەو لە وەڵامدا ، کە باب و خزمەکانى گلەییان لێکردووە گوتوویەتى : ئێوە نازانن ئەوە چ پیاوێکە چەندە جوامێرو بە شەهامەت و بەڕەحم وچاکەکارە ! دەمەوێ هەر لە خزمەتى ئەودا بم ، دواتر پاش ماوەیەک پێغەمبەر ﷺ ئازادى کردووە ، ئەوەش دیسان شایەدییەکى دیکەیە ، کە (محمد) ﷺ پێش پێغەمبەرایەتیش ڕەوشت و ئەخلاق و ئەدەبێکى یەکجار بەرزو جوانى هەبووە ، وە پێغەمبەریش ﷺ لەپاداشتى ئەوەدا کە زەید لەگەڵ خزمەکانى خۆیدا نەچۆوە کردوویەتى بە کوڕى خۆى ، کە لەنێو عارەباندا ئەو شتە باو بووەو هەرکەسێک کەسێکى زۆر خۆش بویستایە دەیکرد بە کوڕى خۆى ، کە پیی دەگوترا (المُتَبَنَّي) ، واتە : زەید بۆتە (مُتَبَنَّي) ى پێغەمبەر ﷺ ، کە دواى هاتنى ئیسلام ئەوەى هەڵوەشاندۆتەوە ، هەر بۆیەش خواى پەروەردگار لە سووڕەتى (الأحزاب) دا دەفەرموێ : { مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُمْ ...(40)} ، واتە : (محمد) بابى هیچ کام لە پیاوانتان نیە ، چونکە هەتاکو خواى پەروەردگار ئەم ئایەتەى ناردە خوارێ زەید هەر پیی دەگوترا : (زید بن محمد) دوایی ناوى گۆڕدرا بە : (زید بن حارثة) لەبەر ئەوەى کە خواى کاربەجێ فەرمووى : موحەممەد بابى هیچ کام لە پیاوانتان نیە ، واتە بابى زەید نیەو هەرکەسە بەناوى بابى خۆیەوە بانگ بکەن (٤) .
چوارەم / کچەکانى پێغەمبەر ﷺ:
کچەکانى پێغەمبەریش ﷺ یەکەمین کەسانێک بوون لە نێو ماڵی پێغەمبەردا ﷺ کە ئیمانیان بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە ، کە بریتی بوون لە : (زینب ، أم کلثوم ، رقیة ، فاطمة) – خوا لێیان ڕازى بێ- (٥)، کەواتە ماڵى پێغەمبەر ﷺ خەدیجەو کچەکانى و ، زەیدى کوڕى حارثة ، کە بە کوڕکراو (مُتَبَنَّي) ى بووەو ، عەلى کوڕى (أبوطالب)، کە ئامۆزاى بووە ، هەموویان یەک خێزانن و یەکەمین خێزانى موسوڵمان کە دروست بووە ئەو خێزانەى پێغەمبەر بوو ﷺ ، بۆیە دەتوانین بڵێین : لە کۆمەڵگاى ئیسلامیدا ئەو خێزانەى پێغەمبەر ﷺ یەکەمین خشت بووە ، وە لەڕێکخستنى کۆمەڵەى ئیسلامیی یەکەم (الجماعة الأسلامیة الأولى) دا ، ئەو خێزانەى پێغەمبەر ﷺ یەکەمین شانە بووە ، ئاشکراشە کە خێزانى موسوڵمان (الأسرة المسلمة) یەکەمین خشتى بنیاتنانى کۆمەڵگاى ئیسلامییەو ، شانە (خلیة) ش یەکەمین هەنگاوى سەرهەڵدان و پێکهێنانى کۆمەڵێکى ئیسلامییە .
پێنجەم / (ابو بکر الصدیق) لەدەرەوەى ماڵی پێغەمبەر ﷺ.
یەکەم ککەس لەدەرەوەى ماڵی پێغەمبەر ﷺ ، کە ناودارو کەسایەتى مەککە بووە و ئیمانى بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە دواى ئەوەى ، کە پێغەمبەر قسەى بۆ کردووە (أبو بکر الصدیق) بووە ، -خوا لێی ڕازى بێ – وە پێغەمبەر ﷺ دەربارەى ئیمان هێنانى (أبو بکر) ئاواى فەرمووە : { ما دعوت أحداً إلى الإسلام إلا کانت عنده کبوة وتردد ونظر إلا أبابكر ما عكم حين دعوته ولا تردد فيه}(٦)، واتە : هیچ کەسێکم بانگ نەکردووە بۆ نێو ئیسلام ، مەگەر کاتێ ، کە بانگم کردوە هەڵوێستەو تێفیکرینێکى هەبووە جگە لە (أبوبکر)، کە بانگم کرد بۆ ئیسلام هیچ بیانوو و دواخستن و تێفیکرینێکى نەبوو لەو بارەوەو یەکسەر ئیمانى هێنا ، بێگومان ئەوەش لەبەر دوو هۆکار بوو : یەکەم : لەبەر ئەوەى ، کە مەعدەنى ئەبو بەکر زۆر ساف و فیطڕەتیشى زۆر پاک بووە ، دووەم : لەبەر ئەوەى ، کە زۆر نزیک بووە لە پێغەمبەر ﷺ وە تەمەنیشى لە تەمەنى پێغەمبەرەوە ﷺ نزیک بووە ، کە (٣٨) ساڵ بووە ، هەر بۆیەش پێغەمبەر ﷺ دەربارەى ئەبوبەکر فەرمویەتى : {لو كنت متخذاً من أُمتي خليلاً لاتخذت أبا بكر ولكن أخي و صاحبِي} ، رواه البخاري (٧)، واتە : ئەگەر لە نێو ئوممەتمدا هیچ کەسم بە خۆشەویستترین کەس هەڵبژاردایە ئەوو بەکر دەبوو ، بەڵام هەر براو هاوەڵمە .
وه (ابن هشام) ئاوا باسى (أبو بکر) مان بۆ دەکات : ( وکان رجلاً مألفاً لقومه محباً سهلاً وكان أنسب قريش لقريش وأعلم قريش بها ، و بما كان فيها من خير و شرّ ، و كان رجلاً تاجراً ذا خلقٍ ومعروف، وكان رجال قومه ياتونه ويألفونه ، لغير واحدٍ من الأمر لعلمه و تجارته و حسن مجالَسَتِهِ)(٨)، لێرەدا (ابن هشام) پێنج سیفەتى لە (أبو بکر ) هەڵداون :
١)پیاوێک بوو ، کە خەڵکى زۆر هۆگرى دەبوو ، وە گونجاوو خۆشەویست بووەو هەڵسوکەوتیشى لەگەڵ خەڵکدا سەهل بووە .
٢) لەهەموویان زیاتر بە ڕەچەڵەکەکانى قوڕەیش ئاشنا بوو ، وەزۆر زانا بوو بە مێژووى قوڕەیش و بەوەى کەلە قوڕەیشدا ڕووى داوە لە چاکەو لە خراپە ، ، دیارە کەسێکیش تا بە قەومێک شارەزاتر بێت چاکتر دەتوانێ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکات ، چونکە بناغەى هەڵسوکەوتى ڕاست و دروست بریتیە لە ئاشنا بوون بە خەڵک ، بۆیە هیچ کەسێک تا خەڵک نەناسێ و شارەزایان نەبێ ناتوانێ هەڵسوکەوتێکى عاقڵانەو لێزانانەیان لەگەڵدا بکات .
٣) وە (أبوبکر) پیاوێکى بازرگانیش بووەو بەهۆى بازرگانییەکەشیەوە دەست ڕۆیشتوو بووە ، وە لەگەڵ خەڵکێکى زۆر تێکەڵ و شارەزاى ووڵاتان بووەو ، چەند جار چووە بۆ شام و یەمەن وە شارەزایی و دونیا دیدەییەکى باشى هەبووە .
٤) زۆر ڕەوشت جوان و زۆر چاکەکاریش بووە .
٥) وە پیاوانى قەومەکەى (قوڕەیش) سەردانیان کردووەو لە مەجلیسیدا دانیشتوون ، وە هۆگرى بوون و خۆشیان ویستووە ، نەک هەر لەبەر شتێک و دوو شتان بەڵکو لەبەر زۆر شتان لەوانە : { لعلمه و تجارتِهِ و حسن مجالسته} واتە : هەم شارەزاو پیاوێکى زانا بووە، هەم بازرگان و دەوڵەمەندو سەخیش بووە ، هەم خۆش مەجلیس بووە .
بێگومان لێرەدا ئەوە دەفامرێتەوە ، کە پێغەمبەرى خوا ﷺ چ جۆرە کەسانێکى مەبەست بوون و ویستوویەتى بانکاتە بناغە بۆ ئەو کۆمەڵگە ئیسلامییەى کە بنیاتى دەنێ ، پیاوى وەک ئەوو بەکر ، ئافرەتى وەک خەدیجە ، وە باقى ئەوانەى کە پێغەمبەر ﷺ بەمەبەستێکى تایبەت دیارى کردوون ، بێگومان پێغەمبەر ﷺ جوان دیڕاسەى دەروون و کەسایەتى و ڕابردووى ئەو کەسانەى کردووە ، ئینجا قسەى لەگەڵدا کردوون و ویستوویەتى کەسانى دامەزراوو پاک و لێهاتوو بکاتە بەردى بناغەى کارەکەى .
ئینجا ئەبوو بەکریش کە ئیمانى هێناوە دانەنیشتوە ، بەڵکو یەکسەر دەستى کردوە بە بانگەواز بۆ ئیسلام ، چونکە ئەگەر بە ڕاستى ئیمان کەوتە نێو دڵ و دەروونى ئینسان ،یەکسەر ئەو کەسە دەجوڵێنێ ، وەک کوردەوارى خرمان دەڵێن : (تیغى ڕەسەن خۆى لە کالانێدا ڕاناگرێ) ، بەڵام ئەو کەسەى کە ئیددیعاى ئیمان و ئیسلام و موسوڵمانەتى دەکا ، بەڵام لە شوێنى خۆى دەبێ و ناجووڵێ و بە هیچ شتێک نێو چاوانى گرژ نابێ و ، هیچ ناکات بۆ دینى خواى پەروەردگار ، بەڕاستى ئەو کەسە دەبێ چاو بە ئیمان و موسوڵمانەتییەکەیدا بگێڕێتەوە، ئەگەر نا ئیمان لە شوێنێکداو لە کاتێکدا ، کە پێویست بکا خاوەنەکەى دەجووڵێنێ ، وەک ئەبوو بەکر –خوا لێی ڕازى بێ- کە دەجوڵێ و لە پێنج کەس لە برادەرە نزیکەکانیەوە دەست پێ دەکات و وا دەکات هەموویان ئیمان بێنن ، کە هەر پێنجیان هەتا دوا تەمەنیان وەک پایەیەک وابوون بۆ بانگەوازى ئیسلام و بەردى گەورە گەورە بوون لە بناغەى کۆمەڵگاى ئیسلامیدا ، کە بریتى بوون لەمانە (٩) : ( عثمان بن عفان) ، کە ئەو کات تەمەنى (٣٤) ساڵ بووەو ( عبدالرحمن بن عوف) ، کە (٣٠) ساڵ بووەو (سعد بن أبی وقاص) ، کە (١٧) ساڵ بووەو (زبیر بن العوام) ، کە (١٢) ساڵ بووەو (طلحة بن عبیدالله) ، کە (١٣) ساڵ بووە ، دواى ئەو پێنج کەسە لەگەڵ (عەلی)دا – خوا لە هەموویان ڕازى بێت - ، ئەو شەش کەسە بوون ، کە (عمر بن الخطاب) –خوا لێی ڕازى بێ- داینان ، کەلەدواى مردنى خۆى لە نێو خۆیاندا خەلیفە دەست نیشان بکەن ، کەواتە ئەو پێنج کەسە لەگەڵ (عەلى)دا شایستەى ئەوە بوون ، کە دواى عومەر ببنە خەلیفە .
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە (أبو بکر) –خوا لێی ڕازى بێ- پیاوێکى زۆر سەرناس بووەو خەڵکى باش ناسیوەو زانیویەتى قسە لەگەڵ چ جۆرە کەسانێکدا دەکات، جا چ تەمەنیان کەم بێ چ زۆر ، بۆیە ئێمەش دوبێ تەماشا بکەین داخۆ لە کۆمەڵگاى خۆماندا کاتى خۆمان لەگەڵ کێ سەرف دەکەین ، چ پیاوان لە نێو خۆدا چ خوشکان ، چونکە پێویستە ئەو کات و ماندوو بونەت لە شوێنێکدا سەرف بکەى ، کە بەرهەمێکى هەبێ و ، ئەو کەسەش ، کە بانگى دەکەى کەلێنێک بگرێ بۆ ئیسلام ، لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ، کە بێگومان کاری ئیسلامیی نابێ تەنها پەزمەندە کردن و خڕ کردنەوەى خەڵک بێت ، بەڵکو دەبێ دیاریکردنى خەڵک و کەسەکان بێ و بزانى کێ چى لە توانادا هەیە ، وە کانزاکانیان باش بناسى بۆ ئەوەى لە شوێنى خۆیاندا سوودیان لێ ببینی ، هەرچەندە چەندیەتیش هەر پێویستە ، بەڵام چۆنیەتى گرنگترو پێویستترە .
دیارە ئەو سیفەتانەى (أبو بکر) زۆر زەمینەیان بۆ خۆش کردووە ، کە هەم خەڵکەکە باشتر بناسێ و هەم خەڵکەکەش باشتر بە دەنگییەوە بێن و ، هەم بازنەیەکى فراوانى هەبێ بۆ پەیوەندى کۆمەڵایەتى ، کە هەندێکى بەهۆى بازرگانییەوە ناسیون و هەندێک بەهۆى شارەزایی لە نەسەب و ، هەندێکیش بەهۆى ئەوەوە کە قسە شیرین و خۆش مەجلیس بووەو هەندێکى دی بەهۆى ئەوەوە ، کە خۆش خوڵق و ڕەفتار جوان بووەو سەخى و خێرخواز بووەو هاوکارى خەڵکى کردووە .
کەواتە ئینسان هەتا ڕەفتارى جوانى زیاتر بن ، باشتر دەتوانێ بازنە کۆمەڵایەتییەکانى فراوانتر بکات ، وە ئەوەش دەبێتە هۆکار ، کە تواناو بوارى زیاترى هەبێ لە دیاریکردن و هەڵبژاردنى خەڵک بۆ کارى ئیسلامیی .
__________________________________
1)صحيح البخاري : (3815).
2) بڕوانە : (السيرة النبوية لأبن شهبة) ، ج:1 ، ص (284) ، : ( السيرة النبوية لابن هشام) ، ج:1 ، ص (126) .
3) سەرچاوەى پێشوو ، هەمان بەرگ و لاپەڕە .
4) سەرچاوەى پێشوو ، ج١ ، ص ١٢٧ .
5) سەرچاوەى پێشوو ، ج١ ، ص ٩٧-٩٨ .
6) بڕوانە : (السيرة النبوية ) ، لأبي شهبة ، ج1 ، ص 284 .
7) صحيح البخاري : (3656) .
8) بڕوانە: ( السيرة النبوية ) ، لابن هشام ، ج:1 ، ص (371) .
9) بڕوانە : ( السيرة النبوية لابن هشام) ، ج:1 ، ص 128 ، ط 1 دار ابن الهيثم .
__________________________________
سەرچاوە:
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (124 - 131)
|