بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەشاری مەککە
 چەند نمونەیەک لە ئازاردانی پێغەمبەری خوا ﷺ لەلایەن موشریکەکانەوە
23/10/2019
بینین: 1542
یەکەم:لە طاریقی کوڕی عەبدوڵڵای مەحاریبی یەوە رضي الله عنه دەفەرموێت :(بەچاوی خۆم لە بازاڕی (ذي المجاز) چاوم بە پێغەمبەر ﷺ کەوت کە پۆشاکێکی خەت خەتی سووری لەبەردابوو بەناو ڕیزی خەڵکاندا دەڕۆشت و دەیفەرموو:(ٲیها الناس ٳن الله عز وجل یٲمركم ٲن تعبدوه ولا تشریكوا به شیئا)واته:ئەی خەڵکینە خوای گەورە فەرمانتان پێ دەکات کە بیپەرستن و هاوبەشی بۆبڕیار نەدەن، کە ئەمەی دەفەرموو خەڵکانیش لێی کۆدەبوونەوە و بەڵام کەس  ڕووبەڕوو وتەیەکی پێ نەدەوت و وڵامی نەدەدایەوە،وە پێغەمبەریش ﷺ بێ دەنگ نەدەبوو بەردەوام دەیفەرموو (( یاایها الناس قولوا لااله الا الله تفلحوا)).واتە:خەڵکینە بڵێن (لاالە الا اللە) سەرفراز و ڕزگار دەبن.
بەڵام تەنها یەک پیاو نەبێت کە ڕووسپی یەکی چاوخێل بوو دوو پەلکەی هەبوو دەکەوتە دوای پێغەمبەر ﷺ و بەردی تێدەگرت هەتا پاژنەی قاچی خوێناوی کرد بوو دەیوت:خەڵکینە گوێڕایەڵی ئەمە نەکەن،ئەمە درۆزنە ئەمە گوڕاتان دەکات و لە ئاینی خۆتان و باوباپیرتان لاتان دەدات وە پێغەمبەریشﷺ خۆی لێ دەشاردەوە و ئەویش هەر بەردبارانی دەکرد و ئێمەش مناڵبووین دەچووین تا بزانین ئەم کارە بەچی دەگات،دوای پرسیارم کرد:ئەوە کێ یە دوای کەوتووە؟وتیان :ئەوە مامی خۆیەتی عەبدولعزی واتە:(ئەبو لەهەب).....).
لەگێڕانەوەیەکی تردا پێغەمبەری خوا  ﷺ لەبازاڕی(ذي المجاز)دا بەناو ڕیزی خەڵکاندا هاتوچۆی دەکرد و دەیفەرموو:(یاایها الناس قولوا لااله الا الله تفلحوا)).واتە:خەڵکینە بڵێن (لاالە الا اللە) سەرفراز و ڕزگار دەبن،دەفەرموێت:ئەبوجەهل بەمشت خۆڵی پیا دەپرژاند و دەیوت :خەڵکینە ئەمە گومڕاتان دەکات و لە دینەکەتان لاتان دەدات و دەیەوێت واز لە خواکانتان بێنن، پێغەمبەریش ﷺی ئاوڕی لێ نەدەدایەوە).

دووەم:لە ئیبنو مەسعودەوە رضي الله عنه دەفەرموێت:(پێغەمبەری خوا ﷺ کاتێ نوێژی دەکرد لای کەعبە ئەبوجەهل و هەندێک لە هاوەڵانی لە شوێنی دانیشتنەکانی خۆیاندا دانیشتبون یەکێک لە ناویاندا وتی:ئەرێ تەماشا ناکەن ئەم ڕیابازە چی دەکات لەناوتاندا ئەوە بۆ یەکێ لە ئێوە هەڵناسێت تا بچێت بۆلای وشترەکەی کوڕانی فڵان کەس کەسەرەیان بڕیوە بچێت شیلاوگەکەی یان ڕیخۆڵەکەی هەمووی بهێنێت و چاوەڕێ بکات تاکو موحەمەد دەچێتە سوجدەوە ئینجا بیکاتە نێوان هەردوو شانیەوە،تاوان بارترین کەس کە ئەو کارەی ئەنجامدا عوقبەی کوڕی ئەبو موعیط بوو چی لێ داواکرابوو جێ بەجێی کردو وەستا تاکو پێغەمبەر ﷺ چووە سوجدەوە، ئینجا ئەویش چوو شیلاوگ و ناوسکەکەی کرد بەسەرو شانی پێغەمبەردا ﷺ لەو کاتەدا ئیبنو مەسعود رضي اللە عنە دەفەرموێت:ئاخ گەر لەو ڕۆژەدا دەسەڵاتم دەبوو دەچووم لێم دوور دەخستەوە، پێغەمبەرﷺ سەری بەرز نەکردەوە و ئەوانیش پێدەکەنین و لەسەر گازی پشت دەکەوتن و گاڵتەجاڕیان دەکرد، پێغەمبەریشﷺ لە سوجدەدا سەری  بەرز نەدەکردەوە تایەکێ چوو بە فاطمەی کچی ڕاگەیاند ئەویش کە بیستی باوکی کارێکی ەوەهای بەرامبەر کراوە بەڕاکردن   چوو بەرەو لای باوکی و چاوی کەوت بەو شتانەی وا بەسەرو شانی پێغەمبەرەوە یە ﷺ
هەمووی لێ دوور خستەوە و پێغەمبەری خواش ﷺ دوعای لێ کردن،وە دوعای لەو کەسەش کرد کە ئەم کارەی ئەنجامداوە ئەوانیش هیچ وڵامێکیان نەدایەوە، پێغەمبەریش ﷺ نوێژەکەی تەواو کرد، پاشان ڕووی کردە قیبلەو دەنگی بەرز کردەوە و دەستی بەدوعاکردن کردو فەرمووی:(اللهم علیك بقریش) سێ جار ئەمەی دووبارەکردەوە کاتێک گوێیان لەم نزایەی پێغەمبەر بوو پێکەنینیان نەماو ترسان لە دوعاکەی دوای ئەوە پێغەمبەرﷺ فەرمووی:(وایە ئەبو جەهل لەناو بەریت)، ئیبنو مەسعود رضي الله  عنە دەفەرموێت:سوێند بەوەی کە گیانی منی بەدەستە ئەوانەی کە پێغەمبەر ﷺ دوعای لێ کردن هەموویانم بە کوژراوی بەرچاو کەوت لە ڕۆژی بەدردا تەرمی پیسیان ڕادەکێشرا بەرەو قولەیب واتە:(بیرە کۆنەکەی بەدر) و هەموو فڕێدرانە ناوی پاشان پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:[( واتبع اصحاب القلیب اللعنة)]واتە:نەفرەت بەدوای خاوەنانی قولیب دا چوو).
لەڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(دوای ئەوەی پێغەمبەر ﷺ لە کعبە دەرچوو ئەبولبوختری پێ گیشت کەیەکێک بوو لە سەرکردەکانی قوڕەیش گۆچانێکی بەدەستەوە بوو،بینی ڕووی گرژبووە هات بۆ لای پێغەمبەر ﷺ ، و پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:(خل عني)واتە:لێم گەڕێ، ئینجا زانی کە پێغەمبەر ﷺ نارەحەتە پێی وت:نا لێت ناگەڕێم تاپێم نەڵێیت بۆچی وات لێ هاتووە و کێ وای لێ کردوویت؟ پێغەمبەر ﷺ زانی کە لێی دوور ناکەوێتەوە پێی فەرموو:ئەبوجەهل فەرمانی کردووە کە شیلاوگ و ڕیخۆڵەی وشتر بکرێت بە سەرمدا. ئەویش دەستی پێغەمبەری گرت ﷺ وتی:وەرە لەگەڵم هەتا چوو بۆ لای مەلە(الملٲ)لەوێدا ئەبو لبوختری چوو بۆ لای ئەبوجەهل و پێی وت:تۆ فەرمانت داوە ئاوا لە محمد بکرێت؟ ئەبو جەهل وتی:بەڵێ، ئەویش گۆچانەکەی هەڵگرت و کێشای بەسەری ئەبوجەهلدا، دەفەرموێت:ئەو کەسانەی لەوێدا بوون هەندێکیان لایەنگری ئەبوجەهل بوون و هەندێکیشیان لایەنگری ئەبو لختور بوون و پاشان بوو بەشەڕ لە نێوانیاندا، ئەبو جەهل لە ناویاندا هاواری کرد ئەوە چی دەکەن، موحەمەد دەیەوێت دوژمنایەتی بخاتە نێوانمانەوە،و خۆی و هاوەڵانیشی دەربازبن.

سێ یەم:ئیبنو ئیسحاق دەفەرموێت:(کاتێ قوڕەیش کارە دوژمن کارەکانیان توندترکرد بەرامبەر پێغەمبەر ﷺ ، تاوای لێ هات نەفامان و منداڵانیان دەنارد بۆ ئازاردانی پێغەمبەر ﷺ وپێیان دەوت:تۆ شاعیری تۆ سیحربازی،تۆ فاڵچیت،وە پێغەمبەر ﷺ بایەخی پێنەدان و هەستا بە کارەکەی لە پێناوی خوا دا بۆ چەسپاندنی ئاینی ڕاست. لەگەڵ ئەو هەموو گاڵتە پێکردنەشدا هەر قسەکانی خوای دەدا بە گوێیاندا.
ئیبنو ئیسحاق دەفەرموێت:یەحیای کوڕی عوڕوە لە باوکیەوە کە عوڕوەی کوڕی زوبەیرە بۆی گێڕامەوە کە بە عەبدوڵڵای کوڕی عەمری کوڕی عاصی وتووە:ئەی عەبدوڵڵا چ دیمەنێکی زۆر سەختت چاوپێکەوتووە لەو دوژمنکاریانەی کە بێ باوەڕانی قوڕەیش ئەنجامیان دەدا بەرامبەر بە پێغەمبەر ﷺ؟ ئەویش فەرمووی:ڕۆژێک من لە ناویاندا بووم و،سەرکردەکانی قوڕەیش کۆبوونەوە لای(حجر)باسی موحەمەدیان دەکرد دەیان وت:کەسمان نەدیوە سەیرتر لەم پیاوە کە بیروباوەڕمان پوچ دەکات و جوێن بە باو و باپیرانمان دەدات و ڕەخنە لە ئاینمان دەگرێت و کۆمەڵگاکەی پارچە پارچه کردووین و جوێن بە خوانکانمان دەدات بەڕاستی لەسەر شتێکی گەورە ئارممان گرتووە لێی ، دەفەرموێت:لەم قسانەدا بوون پێغەمبەر ﷺ هات بەرەو کەعبە بۆ لای (حجر)و تێپەڕی بەلایاندا و تەوافی کرد بەدەوری کەعبەدا و هەرکاتێ کە دەگەیشتە لای ئەوان(بێ گومان (حجر)بەشێکە لە کەعبە ئەو قەوسەیه کە لەپەنای کەعبەدایە، وە،بەبەشێک  لەکەعبە دادەنرێت)و لە وێوە تێدەپەڕی هەندێ توانج و وتەی ناشرینیان پێ وت:زانیم پێی ناخۆش بوو وەڕۆشت تەوافی کردو لەوسەرەوە هاتەوە بۆ جاری دووەم تێپەڕی بەلایاندا هامان جوێن و وتەی ناشرینیان پێووتەوە، پێغەمبەر ﷺ دیار بوو بە ناوچەوانیەوە کە پێی ناخۆشە، بەم شێوەیە سێ یەم جاریش ئەم ڕەفتارەیان نواندەوە،پێغەمبەر ﷺ وەستا بەرەو ڕوویان و فەرمووی:(ٲستمعون یامعشر قریش اما والذی نفسی بیده لقد جئتكم بالذبح)واتە:گوێتان لێ بێت ئەی کۆمەڵانی قوڕەیش سوێند بەوەی گیانی منی بەدەستە من هاتووم بۆ ئەوەی هەر هەمووتان بەسەر بڕین ببەم. دەفەرموێت:ئەم وتەیە کاری لە هەر هەموویان کرد تاکو هەر هەموویان بێ دەنگ بوون و لە جێی خۆیان سست بوون...
هەتا یەکێکیان هات و پێغەمبەری ﷺ ئارام کردەوە و وتەی نەرمی لەگەڵدا بەکارهێنا و هەتا دەیوت:بڕۆ ئەی ئەبو قاسم ئەوا ئێمە نەفام و بێ ئەقڵین خۆ تۆ مرۆڤێکی ئاقڵی تۆ چۆن لەگەڵ ئێمەدا قسە دەکەیت، دەفەرموێت:پێغەمبەر ﷺ ڕۆشتەوە و دیسان بەیانی لای(حجر)کۆبوونەوە و منیش لەناویاندابووم و گوێم لێ بوو هەندێکیان بە هەندێکیان دەوت:ئەوە ئێوە ئاگاتان لێ نیە دوێنێ چیتان دەوت :وچیتان دەکرد بە محمد ئەویش چی وت:بەرامبەرتان هەتا هەرەشەی لێ کردن و وەستا بەرامبەرتان ئێوە لە ترسا وازتان لێ هێنا، دەفەرموێت:لەم قسانەدا بووین پێغەمبەرﷺ هات بۆ کەعبە کە بینیان هەموویان لێی ڕاست بوونەوە و چواردەوریان گرت و پێیان وت:تۆ دەڵێی ئاوا و ئاوا...... پێغەمبەریش  ﷺ بێ ترس و ئاشکرا فەرمووی:بەڵێ منم وا دەڵێم ، دەفەرموێت پیاوێکم بینی یەخەی کراسەکەی پێغەمبەری ﷺ گرتبوو ئەبو بەکر رضي الله عنه  هات و دەستی گرت و دووری خستەوە و بە گریانەوە دەیفەرموو:ئایا ئێوە پیاوێک دەکوژن کە دەڵێ پەروەردگارم (اللە)یە ئینجا موشریکەکان بڵاوەیان لێ کرد ئەوە دوژمن کارترین دیمەن بوو کە من چاوم پێ کەوتووە ئەنجامیان دابێ بەرامبەر پێغەمبەر ﷺ).

چوارەم:لە ئەسمائی کچی ئەبوبەکرەوە رضي اللە عنە :(پرسیار کرا لە ئەسمائ دوژمن کارترین کارێک کە کرابێت دژی پێغەمبەر ﷺ چی بووە؟ ئەویش فەرمووی:هاوبەش پەیدا کەران جارێکیان دانیشتبوون لای کەعبە و باسی پێغەمبەر ﷺ یان دەکرد و دەیانگێڕایەوە کەچی دەڵێت بەرامبەر بەخواکانیان، ئەوانیش هەڵوێستیان چۆنە بەرامبەری؟ لەم قسانەدا بوون پێغەمبەر ﷺ هاتو هەموویان وەک یەک پیاو لێی هەستان و بۆڵە و هاوار بەرز بووە هەواڵ گەیشتە لای ئەبوبەکر و وتیان:فریای هاوەڵەکەت بکەوە، ئەبوبەکر لای ئێمە بوو دەرچوو چوار (غەدیرەی)هەبوو(واتە وەک پەلکە قژی شۆڕ بوو بووەوە و قژ
زۆر بوو)وە ڕۆشت و خەڵکەکەی لێ دوور خستەوە و ئەی فەرموو:ماڵتان وێران بێت پیاوێک دەکوژن کە دەڵێ پەروەردگارم (اللە)یە و ڕێنمایی لای خواوە بۆ هێناون؟ئەوانیش هەر ئەمەیان بینی وازیان لە پێغەمبەر هێناو بەربوونە ئەبوبەکر و ئازاریان دا هەتا دوایی بڵاوەیان لێ کرد،کاتێ ئەبوبەکر گەڕایەوە بۆ لامان دەستت بدایە لە هەرشوێنێکی سەری قژت بەدەستەوە دەهات ئەوەندە لێیان دابوو وە بەدەم ئەو هەموو ئازارەوە دەیوت:(تبارکت یاذی الجلال والاكرام).واتە:(بەرزو شکۆمەند بیت ئەی خاوەنی شکۆ و ڕێز).
پێنجەم:لە عوروەی کوڕی زوبەیرەوە رضي الله عنه دەفەرموێت:(پرسیارم کرد لە عبدوڵڵای کوڕی عەمری کوڕی عاص و پێم وت:بۆم بگێڕەوە سەختترین دوژمن کاری قوڕەیش کە ئەنجامیاندا بێت بەرامبەر ێغەمبەری خوا ﷺ چی بووە؟ فەرمووی:کاتێک پێغەمبەر ﷺ نوێژی دەکرد لای (حجر)،عوقبەی کوڕی ئەبو موعیط هاتوو، پێغەمبەرﷺ بوردەیەکی بەشانەوە بوو. دەفەرموێت: گرتی و ئاڵانی لە ملی پێغەمبەر ﷺ کەلە نوێژدا بوو وە بەهەموو هێزی دەیجەڕاند هەتا وەختەبوو بخنکێت، ئینجا ئەبوبەکر لە دوورەوە هات وشانی عوقبەی گرت و دووری خستەوە لە پێغەمبەر و فەرمووی:ئایا پیاوێک دەکوژن کە دەڵێت پەروەردگارم (اللە)یە.
شەشەم: لە ئەنەسەوە رضي اللە عنە دەفەرموێت:جارێکیان لە پێغەمبەریاندا هەتا لە هۆشی خۆی چوو وە بوورایەوە ئەبوبەکر هاواری دەکرد و دیوت:ماڵتان وێران بێت پیاوێک دەکوژن کە دەڵێ پەروەردگارم(اللە)یە ؟ وتیان:ئەوە کێ یە؟ وتیان:ئەوە کوڕەکەی ئەبو قوحافەی شێتە ئینجا وازیان لە پێغەمبەر ﷺ هێناو بە هەموویانەوە بەربوونە  ئەبوبەکر).

حەوتەم:هەر لە ئەنەسەوە رضي الله عنه  دەفەرموێت:جبریل علیه السلام جارێکیان هات بۆ لای پێغەمبەر  ﷺ لە کاتێکدا دانیشتبوو زۆر غەمبار بوو وە زۆر شوێنی ‌خوێناوی بوو بوو لەبەر ئەوەی کە هەندێک لە خەڵکی  مەککە ئازاریان دابوو، جبریل علیە السلام پێی فەرموو:ئەوە چیتە؟ پێغەمبەریش ﷺ فەرمووی:ئەوانە ئاوایان لێ کردووم،جبریل علیە السلام پێی فەرموو:تەماشای ئەو دارە بکە، ئەویش تەماشای کرد لەو پەڕی شیوەکەوە بوو،جبریل علیە السلام فەرمووی بانگی ئەو دارە بکە با بێت بۆ لات، پێغەمبەریش ﷺ بانگی کردوو دارەکە هات بۆلای تا هاتە بەردەمی پاشان وەستاو جبریل علیه السلام بە پێغەمبەریﷺ فەرموو:پێی بڵێ بابگەڕێتەوە جێی خۆی، ئەویش پێی وت و دارەکە گەڕایەوە شوێنی خۆی و پێغەمبەر ﷺ بۆ دڵنەوای خۆی فەرمووی:ئەمەم بەسە....).

لە ڕیوایەتێکی تردا لە عومەری کوڕی خەطابەوە رضي الله عنه دەفەرموێت:(پێغەمبەر ﷺ کاتێ لە حجون بوو(واتە: شاخەکانی پشت مەککە)بێ باوەڕەکان بەرپەرچیان دایەوە و ئازاریان دا، ئینجا دوعای کردو فەرمووی:(اللهم ارني ایة الیوم لا ابالی من كذبني بعدها)واته:خوای گەورە ئەمڕۆ نیشانەیەم نیشان بدە هەر کەس بە درۆی بخاتەوە دوای ئەم نیشانەیە هیچ باکم نەبێت.ئینجا جبریل علیه السلام هات بۆلای وپێی وت:ئەو دارە دوورەی ئەولا بانگ بکە؟ پێغەمبەریشﷺ دارەکەی بانگ کرد بەسەر زەوی دا خشکە خشک هات تا گەشتە لای پێغەمبەر ﷺ وە دارەکە وتی:(السلام علیک یا رسول اللە)پاشان پێغەمبەر  ﷺ فەرمانی پێ کرد کە بچێتەوە جێی خۆی ، دارەکەش چووە وە جێگەی خۆی و پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:ئیتر باکم نییە هەر کەس لە خزمانم گەر لەمەودوا بە درۆم بخەنەوە).
ئابەم شێوەیە موشریکەکان لە هەموو ڕوویەکەوە ، لەئابرو چوونی و لەکەدارکردنی و تانەدان لێی و توهمەی سحربازیان دایە پاڵی وەبەشێت و شاعیریان دادەنا وە بەوەشەوە نەوەستان تابەرامبەر خودی پێغەمبەر ﷺ ئەو خراپەکاری و دوژمن کاریانەیان ئەنجام دا، بەوجۆرە پێغەمبەر ﷺ کە سەروەری هەموو کوڕانی ئادەمە و پێغەمبەری گەورەی خوایە،ئابەو شێوەیە ئارام گرو لەسەر خۆ بووە،پێغەمبەر ﷺ ئازاردانێکی تووش بووە؟دەتوانرێ بوترێت هیچ کەس لە پێغەمبەران ئەو نارەحەتیەیان نەهاتووەتە ڕێ وەکو پێغەمبەرﷺ بۆمان دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێ:(لقد اوذیت فی الله ومايوذی ولقد اخفت فی الله وما یخاف احد)واته: ئازار دراوم لە پێناو خوادا کەس ئاوەها ئازار نەدراوە وە ترسێنراوم لە پێناوی خوا هیچ کەسێک بەوێنەی من نەترسێنراوە)،بەم شێوەیە پێغەمبەر ﷺ بەتاقی تەنها ڕووبەڕووی سەرکردەکانی قوڕەیش و بیروباوەڕیان دەبووەوە و،ئەوانیش بەردەوام ئازاریان دەدا تا کارگەیشتە ئەوەی پێغەمبەر  ﷺ دوعایان لێ بکات.
ئیبنو مەسعود ڕەزای خوای لێبێ دەفەرموێت:(کاتێ پێغەمبەر ی خوا ﷺ بانگەوازی قوڕەیشی دەکرد هەموویان بەدرۆیان خستەوە و باوەڕیان پێ نەدەهێناو دوژمنانەوە ناهەموارانە دەوەستان بەرامبەری، ئینجا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:( اللهم اعني علیهم بسبع كسبع یوسف)واته:خوای گەورە یارمەتیم بدە و تووشی گرانیەکیان بکە وەک گرانی یەکەی یوسف علیەالسلام دەفەرمووێت:گرانی یەکیان تووش بوو هیچ شتێکیان بە دەستەوە نەما تا کەوتنەئێسک خواردن هەتا وایان لێ هات پیاوێکیان لێ هەڵدەستا دیمەنی ئاسمانی وەک دووکەڵ دەهاتە پێش چاو لە تاو هیلاکی و برسێتی هەتا خوای گەورە ئەو ئایەتەی دابەزاند کە دەفەرموێت:(فَارْتَقِبْ يَوْمَ تَأْتِي السَّمَاءُ بِدُخَانٍ مُّبِينٍ ( ۱۰ )يَغْشَى النَّاسَ هَٰذَا عَذَابٌ أَلِيمٌ ( ۱۱ ) الدخان.
دەفەرموێت:دوا بەدوای ئەوە ئەبو سوفیان هات بۆ لای پێغەمبەر ﷺ و وتی:ئەی محمد خزمانت لە ناو چوون داوا لە خوا بکە ئەوەمان بەسەرەوە لابەرێت وەکو خوای گەورە دەفەرمووێت:(رَّبَّنَا اكْشِفْ عَنَّا الْعَذَابَ إِنَّا مُؤْمِنُونَ ( ۱۲ ) الدخان.واتە:ئەگەرئێمە ئەو سزای گرانی یە یان بەسەرەوە لاببەین هەر دەگەڕێنەوە سەر کاری یەکەم جاریان،پاشان پێغەمبەر ﷺ دوعای بۆ کردن و بارانیان بۆ باری،خوای گەورە ئەو برسێتی و قات و قڕییەی لەسەر لابردن وە ئەو ئایەتەی دوایی بۆ دابەزاند کە دەفەرمووێت:( إِنَّا كَاشِفُو الْعَذَابِ قَلِيلًا إِنَّكُمْ عَائِدُونَ ( ۱٥) الدخان، دەفەرموێت:کاتێ کە خۆشگوزەرانیان هاتەوە ناو چوونەوە سەر هەمان ڕفتارو کردەوەی پێشوویان ئینجا خوای گەورە فەرمووی:(يَوْمَ نَبْطِشُ الْبَطْشَةَ الْكُبْرَىٰ إِنَّا مُنتَقِمُونَ ( ۱٦ ) الدخان.واتە:تۆڵەی هەرە سەخت و گەورەیان ئەو ت
تۆڵەیەیە کە لەشەڕی بەدردا چاوەڕێیان دەکات.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خواﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
بەرگی یەکەم 
نوسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
ص:۸٦-۸۷-۸۹-۹۰-۹۱-۹۲-۹۳-۹٤
 

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه