بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەشاری مەککە
 بنەماکانى کۆمەڵگاو دەوڵەتى ئیسلامیی کۆچ کەران و پشتیوانانى ، تێگەیەنراوو پێگەیەنراو :
10/11/2019
بینین: 978

یەکەمین بنەماى سەرەکى ، کە پێغەمبەر ﷺ کۆمەڵگاى ئیسلامیی لێ پێکهێناوە ، ئەو ئیماندارانە بوون کە لەمەککەوە کۆچیان کرد بۆ مەدینە و ئەوانەش کە لە مەدینە بوون و هاوکارى کۆچکەرانیان کردو پاڵپشتى ئیسلام بوون ، واتە : (مهاجرون وأنصار) ، کە ئەو کات موسوڵمانان یان کۆچکەران یان پشتیوانان بوون و تێگەیشتوو و پێگەیشتووش بوون ، وەک خواى پەروەردگار زەقترین و دیارترین سیفەت و پێکهاتەکانى کۆچکەرو پشتیوانانمان بۆ باس دەکات و سەرەتا دەربارەى کۆچکەران دەفەرموێ : { لِلْفُقَرَاءِ الْمُهَاجِرِينَ الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ وَأَمْوَالِهِمْ يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا وَيَنْصُرُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ(٨)} الحشر ،  لەپێش ئەو ئایەتەدا باسى دابەش کردنى (فيء) دەکاو دەفەرموێ : بۆ ئەو کۆچکەرانەیە کە لەماڵ و سامانى خۆیان دەرکراون ، ئەوە کە دەیخوازن لە پەروەردگارى خۆیان بریتییە لە ڕەزامەندى و بەخششى ئەو ، یانى : ئەوەى پاڵى پێوە نان و ماڵ و حاڵ و بەرژەوەندیی و خاکى خۆیان بەجێ بهێڵن ، ئەوەیە کە خوا پاداشتیان بداتەوە کە بەهەشتە ، وە لێشیان ڕازى بێ ، کە بێگومان ڕەزامەندى خواگەورەترە لە بەهەشتەکەى ، وەک دەفەرموێ : {... وَرِضْوَانٌ مِنَ اللَّهِ أَكْبَرُ ذَلِكَ هُوَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ (٧٢)} التوبة ، ئینجا دەفەرموێ {... وَيَنْصُرُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ... (٨)} الحشر ، واتە خواو پێغەمبەرى خوا سەردەخەن (یانی : ئەو دینەى کە پێغەمبەرى خوا ﷺ لەلایەن خواوە هێناویەتى و ڕایگەیاندوە ، سەریدەخەن و پشتى دەگرن )  { أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ(٨)} الحشر ، واتە : ئەوانەن ڕاستان ، (یانى : ئەوانەن کە لەگەڵ خوادا ڕاست دەکەن ، چونکە (صدق) بریتیە لەوەى ، کە ئینسان ڕاست بێ واتە : عەقیدەو ئیمان و دڵ و زمان و کردەوەو ... هتدى ڕاست بێ ، لەگەڵ خواو خۆی و دەوروبەریدا ) .
ئینجا دەربارەى پشتیوانانیش دەفەرموێ : { وَالَّذِينَ تَبَوَّءُوا الدَّارَ وَالْإِيمَانَ مِنْ قَبْلِهِمْ يُحِبُّونَ مَنْ هَاجَرَ إِلَيْهِمْ وَلَا يَجِدُونَ فِي صُدُورِهِمْ حَاجَةً مِمَّا أُوتُوا وَيُؤْثِرُونَ عَلَى أَنْفُسِهِمْ وَلَوْ كَانَ بِهِمْ خَصَاصَةٌ وَمَنْ يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ (٩)} الحشر ، واتە : ئەوانەى ، کە لە پێش ئەواندا (لەپێش کۆچکەراندا ) نیشتەجێ بوون لە مەدینەدا و کردیان بە بارەگاى ئیمان (بێگومان کۆچکەران پێش پشتیوانان ئیمانیان هێنابوو ، بەڵام پشتیوانان لە پێش کۆچکەراندا مەنزڵگاو هەوارگەیان بۆ ئیمان بنیاتنا ) ئەوەى کۆچى کردووە بۆ لایان خۆشیان دەوێن ، ( واتە : نەک هەر پیی قەڵس نین کە دەچنە سەر ماڵ و حاڵیان ، بەڵکو زۆریشیان پێ خۆشە ) وە لە دەروونى خۆیاندا هەست بە هیچ پێویستییەک ناکەن لەوەى کە بە کۆچکەران دەدرێت ، وە بەسەر خۆیاندا هەڵیاندەبژێرن ئەگەر بۆ خۆشیان پێویستیان پێ بێ ، { (إیثار) ئەوەیە کە خەڵک بەسەر خۆتدا هەڵبژێرى لە چاکەو بەخشیندا ، پێچەوانەکەشى (أثرة) یانى : خۆت بەسەر خەڵکیدا هەڵبژێرى} ، وە هەر کەسێک خۆى لە ڕژدیی نەفسى بپارێزێ ، ئائەوانە سەرفرازن ، ( یانى : ئەوانە هیچ جۆرە ڕژدیی و چرووکییەکیان لە دەروندا نیە بەڵکو سەخاوەت و بەخشندەیی و دڵفراوانییەکى زۆریان هەیەو پییان خۆشە هەموو خێرو خۆشییەک بۆ ئەو خوشک و برا موحتاج و کۆچکەرانەیان بێ ) ، ئاوا خواى پەروەردگار بە زەقترین وە بەدیارترین وەسفەکانیان ، باسى ئەو دوو کۆمەڵە موسوڵمانە دەکات ، کە ئەو کات کۆمەڵگاى ئیسلامییان پێک هێنابوو . 
ئینجا ئەوەى کە لێرەدا پێویستە هەڵوێستەى لەبەردەمدا بکەین ، ئەوەیە کە بزانین چۆن ئەو دوو کۆمەڵە موسوڵمانە بەو شێوەیە تێگەیشتن و پێگەیشتن ، کە خواى پەروەردگار ئاوا مەدحییان بکات ، کە بە : { أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ} کۆتایی بە وەسف کردنى کۆچکەران دێنێ ، وە بە : { فَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ } کۆتایی بە وەسفى پشتیوانان دێنێ ، کە ئەوە گەورەترین مەدح کردنە ! .
بێگومان هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ بێ هۆ نەبونە شایستەى ئەو وەسف و پێ هەڵاگوتنەى خواى کاربەجێ ، بەڵکو قوڕئانێکى زۆر هاتۆتە خوار تا ئەوەندە موسوڵمانە بەرهەم هاتوون و تێگەیشتوون و پێگەیشتوون و پەروەردە بوون و پێغەمبەریش ﷺ مامۆستاو چاوساغى جێبەجێ کردنى ئەو قوڕئانە و ئاڕاستەکەریان بووە .
دیارە پێغەمبەر ﷺ تەنها قورئانى کردۆتە بناغە بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنیان و پەروەردە کردن و ڕاهێنانى هاوەڵانى ، وە هاوەڵانى بەڕێزى بەشێوەیەک پێگەیاند کە دوایی بتوانن ، نەک تەنها ببنە بناغەى ئەو دەوڵەتە ئیسلامییەى سەردەمى پێغەمبەر ﷺ ، بەڵکو ببنە بناغە بۆ ئەو دەوڵەتە ئیسلامییەى سەردەمى چوار خەلیفە ڕاشیدەکان و دواى ئەوانیش تاکو ئێستا ، وە هەرچى بینا کراوە لەسەر شانى ئەوان هەڵچنراوەو لەڕاستیدا ئەوان ڕێیان شکاندووە ، بۆیە دوایی خەڵک توانیویەتى پییدا بڕوا .
لەو بارەوە پێغەمبەر ﷺ لە فەرمایشتێکدا دەفەرموێ ، (من دل على خیر فله مثل أجر فاعله) رواه مسلم ، واتە : کەسێک ببێتە هۆ بۆ چاکەیەک ، ئەوە هەر کەسێک لەدواى ئەو ئەو چاکەیە بکات ، لە پاداشتى هەموو ئەو چاکەکارانەدا بەشدارە ، چونکە ئەو ڕێگاکەى شکاندووەو سەرەتا چاکەکەى کردووە ، بۆ وێنە : پێغەمبەر ﷺ لە هەموو چاکەو خێرى ئومەتیدا بەشدارە ، چونکە هەموومان بەهۆى پێغەمبەرەوە ﷺ هیدایەتمان وەرگرتووە ، وە بەهەمان شێوەش هاوەڵانى بەڕێزیشى لەچاکەو خێرى ئومەتەکەیدا بەشدارن .
جا بۆ ئەوەى بزانین پێغەمبەر ﷺ چۆن هاوەڵانى بەڕێزى پەروردە کردووە ، دەبێ تەماشاى قورئانى (مەککى) بکەین ، کە بەزۆریی باسى ئەم سێ بنەڕەتە سەرەکییەى کردووە :
یەکەم : باسى خوا (جل شأنه) و ناوە چاکەکانى و سیفەتە بەرزەکانى و باسى بەدیهێنەرایەتى و پەروەردگارێتى خوا ، وە باسى پەرستراوێتى و خاوەندارێتى خوا بۆ هەموو شتێک ، هەروەها باسى دروستکراوەکانى خوا ئاسمانەکان و زەوى و ئەوەى کە لە نێوانیاندایەو ...هتد .

دووەم : باسى پێغەمبەرایەتى و وەحى و کتێبەکانى خواو پێغەمبەرانى ( عليهم الصلاة والسلام ) و بەسەرهاتەکانیان لەگەڵ گەلەکانیاندا ، کە نزیکەى سێ یەکى قورئانى لەخۆ گرتووە ، چونکە هەرچى بەسەرهاتەکانى پێغەمبەرانە (عليهم الصلاة والسلام) تێکڕا لە مەککە هاتونە خوار ، وە هاوەڵانى بەڕێزیش بەو بەسەرهات و سەرگوزشتانە پەروەردە کراون و تێگەیەنراون کە ئەو پەیامە خواییە یانى چى ؟! وە لێیان حاڵى کراوە ، کە پەیام و بەرنامەى ئیسلام  پەیام و بەرنامەى تێکڕاى پێغەمبەرانى خوایەو ڕەگ و ڕیشەکەى بە قوڵایی مێژوودا دەچێتە خوار، هەر لە ئادەمەوە هەتا خاتەم ، هەر وەها تێگەیشتوون ، کە دوژمنانى ئیسلامیش هەموو ئەو خوا نەناس و ستەمکارو زلەزلانەن کە لە درێژایی مێژوو دژ لە پێغەمبەران (علیهم السلام) و پەیامى خوا بوون هەر لە (قابیل)ەوە ، کە (هابیل)ى براى کوشتووە ، تا زلە زلەکانى سەردەمى : نووح و هوود و صاڵح و شوعەیب و مووسا ( علیهم الصلاة والسلام) وە دواتریش وەک (أبو جهل) و (أمیة) و ...هتد . 

سێ یەم :  مەسەلەى دوا ڕۆژو پاداشتى خواو گەیشتن بە دیدارى خواى پەروەردگار و گەیشتن بەو ڕۆژەى لێپرسینەوەى خواى دادگەرى تێدا ئەنجام دەدرێ و چاکان بۆ بەهەشت دەبرێن و خراپەکانیش بۆ جەهەننەم ڕەپیچەک دەدرێن .
بەو شێوەیە لەسەر ئەو سێ بنەڕەتە سەرەکییە ، پێغەمبەر ﷺ ئەو هاوەڵە موسوڵمانانەى خۆى تێگەیاندوەو پێگەیاندوە .  
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٣٩٩- ٤٠٣)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه